Erbil 18°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 05:22

نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەییی دەربڕی بۆ نێوەندگیری نێوان هه‌ولێرو به‌غدا

جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌گه‌ل جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری UN كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

جەعفەر ئێمینكی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سکرتێری پەرلەمان پێشوازییان لە جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەرپرسی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان کرد. لە دیدارەکەدا ئێمینکی بە پێویستی زانی کە دەبێ سنوورێک بۆ جموجووڵە سەربازییەکانی حکوومەتی عێراق دابنرێت و نیگەرانیشی دەربڕی لە ڕاپۆرتەکەی (یان کۆبیش) کە لە دەرخستنی ڕووداوەکاندا ورد نەبووە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١١/١٢/٢٠١٧، جەعفەر ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی خاتوو بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینگەی تایبەتیی خۆی لە تەلارى پەرلەمان، پێشوازیی لە شاندێكی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، كە پێك هاتبوو لە (ئەلیس وەڵ پووڵ)، جێگری نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و (ریكاردۆ ڕۆدرێگز)، بەرپرسی نووسینگەی یۆنامی لە هەرێمی كوردستان.

لە دیدارێكدا جێگری سەرۆكی پەلەمانی كوردستان، بە ناوی پەرلەمانی كوردستانەوە بەخێرهاتنی كردن و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ سەرداننیان لە پەرلەمانی كوردستان و ئاماژەی بە چەند پرسێكی گرنگی هەنووكەیى كرد كە لە عێراق دەگوزەرێت، بەتایبەت هێرشەكانی ئەم دواییەى هێزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ سەر كەركووك و دووزخورماتوو و دەوربەری و ئەو تاوانانەی كە دەرهەق بە خەڵكی دووزخورماتوو ئەنجامیان دا، لە كوشتن و تەقاندنەوەی ماڵان و دەركردن و ئاوارەكردنیان، كە ئەمەش جینۆسایدێكی دیكەیە، كە بەسەر گەلى كوردستانیاندا هێناوە.

سەبارەت بەو ڕاپۆرتەی كە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئامادەی كردبوو لە كۆبوونەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان خوێندییەوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نێگەرانیی خۆی دەربڕی لەسەر ئەو ڕاپۆرتە و ڕایگەیاند: "ئەو ڕاپۆرتەی كە ئامادە كرابوو لە لایەن (یان كۆبیچ)، تەواو و ورد نەبوو لە دەرخستنی ڕاستییەكان، كە ڕوویان داوە لە عێراق و پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان بە مەیدانی ئامادەییان هەبێت و سەردانی ئاوارەكان و شارۆچكەی خورماتوو بكەن و  بە چاوی خۆیان ببینن، كە چی بەسەر خەڵكی سڤیلی ئەم ناوچەیەدا هاتووە و سنوورێك بۆ جموجووڵە سەربازییەكانی حكوومەتی عێراق دابندرێت".

هەر لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان،  باسی لە بارودۆخی سیاسی و داراییی هەرێمی كوردستان  و كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق كرد و ڕایگەیاند: "پێویستە  كێشەكان لە ڕێگەی گفتۆگۆ و دیالۆگەوە چارە بكرێن و ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگیی پەرلەمانی كوردستان چاكسازیی ئیداری دەكات و پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچەدا دەستی پێ كردووە، بەو مەرجەی دادپەروەری و یەكسانیی تێدا بێت".

سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنیش لە هەرێمی كوردستان، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان داوای لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرد، هاوكار بن لە ڕووی تەكنیكییەوە، كە ئێستا لە نێوان لایەنە سیاسییەكان و كۆمیسیۆن ئامادەكاریی بۆ دەكرێت بۆ ٦/٩/٢٠١٨ و  ئاماژەی بەوەش كرد كە بۆچوونێكی تر هەیە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە و بۆ ئەو مەبەستە لایەنە سیاسییەكان  لە گفتۆگۆ و ڕاوێژدان.

هەر لە دیدارەكەدا خاتوو بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان، پوختەیەك لە كار و چالاكییەكانی پەرلەمانی كوردستانى لە ماوەی ڕابردوودا باس كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە سەرجەم فراكیسۆنە جیاوازەكانى پەرلەمان و لیژنەكانی پەرلەمان بەوپەڕی بەپرسیارەتییەوە كارەكانی خۆیان ڕایی دەكەن، لە چاودێریكردن و بەدواداچوونى كارەكانى حكومەت، هەروەها سەرجەم فراكسیۆنەكان بەردەوام ڕاپۆرت و پڕۆژەیان هەیە و دوای ئەوەى بە ڕێكارە یاساییەكاندا تێدەپەڕێت، دێتە نێو هۆڵی دانیشتنەكانی پەرلەمان بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ بكرێت و پاشان ببن بە یاسا.

سەبارەت بە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ سەر كارەكەی، سكرتێری پەرلەمانی كوردستان گوتی: "هیچ ڕێگری و بەربەستێك نییە بۆ نەگەڕانەوەی و ئێستا ماوەتەوە سەر سیاسەتی حزبەكەی، هەم گەڕانەوەی  سەرۆكی پەرلەمان و هەم  وەزیرەكانی گۆڕان بۆ ناو حكوومەت".

لە بەرامبەردا جێگری نێردەی تایبەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، (ئەلیس ووڵ)، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو سەردانەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری پێشهات و ڕووداوەكان بن كە ڕوویان داوە لە عێراق و كوردستان و جەختی لەسەر چارەكردنی كێشەكان كردەوە لە ڕێگەی دیالۆگ و گفتۆگۆ و دوور لە توندوتیژی و بەكارهێنانى هێز و ئامادەییی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی دەربڕی بۆ نێوەندگیری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.