ئێوارەی ئەمڕۆ چەند كارمەندێكی چاودێری بەشی فڕۆكەوانی عێراق گەیشتنە فڕۆكەخانەی سلێمانی و بەرپرسانی ئەو فڕۆكەخانەیەش ئاشكرای دەكەن كە هەر گفتوگۆیەك لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی یاسادا دەكرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممه 30ـی تشرینی دووەم، فڕۆكەخانەی سلێمانی له ڕاگەیەندراوێكدا دهلێت" سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە باس لە هاتنی تیمێكی حكوومەتی ناوەند دەكەن بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە هەموولایەكی ڕادەگەیەنین كە هیچ تیمێكی فەرمی نەگەیشتۆتە لامان بۆ گفتوگۆ كردن یا كاركردن بۆ دەست پێ كردنەوەی گەشتە دەرەكییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.
لە بەشێكی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو هەواڵانەی بڵاو كراوەتەوە كە تیمێك هاتووە بۆ چاودێری، ئەمە لە كاتێكدایە كە تەنیا 15 كارمەندی چاودێری ئاسمانی لە فڕۆكەخانەی بەغدادی نێودەوڵەتی بەمەبەستی گەشتوگوزار سەردانی شاری سلێمانی دەكەن و هیچ پێوەندییەكیان بە كردنەوەی گەشتەكان نییە.
فڕۆكەخانەی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەكەی دەڵێت، وەك هەمووان ئاگادارن لە سەرەتایی جێ بەجێ كردنی بڕیاری وەستانی گەشتەكان تا ئێستەش فڕۆكەخانەی سلێمانی ئامادەیی دەربڕیووە بۆ هەر گفتوگۆیەك كە لە ڕێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی یاسادا بكرێت.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەرچەندە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەشێكە لە جێ بەجێ كاری هەر یاسایەك كە لە دەسەڵاتی فڕۆكەوانی شارستانی عێراقییەوە دەردەچێت، بەڵام تائێستا هیچ گفتوگۆیەك لە نێوان ئەم دوو دامەزراوەدا ئەنجام نەدراوە، بۆیە "لێرەوە هەمووان دڵنیا دەكەینەوە لە كاتی دەرچوونی هەر بڕیارێك لەو بارەیەوە لە زووترین كاتدا بڵاوی دەكەینەوە".
تێزانین حكوومەتی عێراق بەمەبەستی سزادانی بە كۆمەڵی خەڵكی كوردستان بەهۆی داواكردنی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق بڕیاری ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی سلێمانی و هەولێری دەركردوهو تاكو ئێستاش هیچ بریارێك بۆ كردنهوهیان نهدراوه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.