Erbil 12°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 18:26

هیومان رایتس وۆچ داوای لێکۆڵینەوە لە تیرۆرکردنی ئەرکان شەریف دەکات

ئه‌ركان شه‌ریف کامێرامانی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان
هیومان رایتس وۆچ داوای لێکۆڵینەوە لە تیرۆركردنی ئەرکان شەریف دەکات
کوردستان TV
100%

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ راگەیێندراوێکی لەبارەی تیرۆركردنی ئه‌ركان شه‌ریف کامێرامانی ده‌زگای سه‌ته‌لایتی كوردستان لە شارۆچکەی داقوق بڵاوکردەوە و داوای لێکۆڵینەوە لەو رووداوەش دەکات. 

لە راگەیێندراوەکەی هیومان رایتس وۆچ هاتووە، رۆژی 30ـی تشرینی یەکەم بەلایەنی کەمەوە 6 پیاوی دەمامکدار بە جلوبەرگی سەربازییەوە چوونە سەر ماڵی ئەندامێکی چالاکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە داقوق و بە چەقۆ کوشتیان. 

هیومان رایتس وۆچ راشیگه‌یاند: لە رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمەوە هیچ هێزێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە داقوق نیە و هەربۆیە دەبێت بەرپرسانی حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ لە کوشتنی ئەرکان شەریف پێکبهێنن و دواتریش ئەنجامەکەی ئاشکرا بکەن. 

سارا ویتسن، بەڕێوەبەری لقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بە بەڵگەی راستەقینە بۆ خەڵکی روون بکاتەوە کە کێ لە کوشتنی ئەو چالاکوانە کوردە بەرپرسە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە تەنیا هێزە عێراقییەکان لەو شارۆچکەیەدا هەن. 

هیومان رایتس وۆچ ده‌شڵێت: بەگوتەی کەسێکی ئاگادار لە رووداوەکە لە دەوروبەری کاژێر 1ـی شەو چەکدارەکان هێرشیانکردووەتە سەر ماڵی کامێرامانەکە، سەرەتا ئەو چەکدارانە کارەبای ماڵی ئەرکانیان بڕیووە و دواتر چوونەتە ژوورەوە و بەلایەنی کەمەوە 10 جار بە چەقۆ لێیانداوە و کوشتوویانە. 

ئەو کەسە ئاماژە بەوە دەکات کە چەکدارەکان بە تورکمانی قسەیان لەگەڵ یەکدی کردووە و نزیکەی 25 هەزار دۆلار و هەندێک زێڕیشیان لە ماڵەکەی بردووە. 

هیومان رایتس وۆچ ده‌شڵێت: لە رۆژی 16ـی تشرینی یەکەمەوە حەشدی شەعبی داقوق و دەوروبەری کۆنترۆڵکردووە و هێزێکی پۆلیس و چەند هێزێکی دیکەی چەکداریش لە ناوچەکەدا هەن. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.