سەرۆكی پارتییەكی توركمانی ئاشكرای دەكات، پارتە توركمانییە شیعەكان نوێنەرایەتی گەلی توركمان ناكەن و ئەوان بۆ ئەجێندای دەرەكی كار دەكەن.
محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان، بە باسنیوزی ڕاگەیاند: "پارتە توركمانییە شیعەكان لە عێراقدا نوێنەرایەتیی گەلی توركمان ناكەن، لەبەر ئەوەی ئەوان بۆ ئەجێندای دەرەكی كار دەكەن و بابەتی مەزهەبییان لەلا گرنگترە لە پرسی نەتەوەیی".
سەبارەت بە چوونی شاندێكی حزبە توركمانیە شیعەكان بۆ توركیا و كۆبونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمانی، ڕاشیگەیاند: "نابێت توركیا ئەوان بە نوێنەری توركمان بزانێت و ئەوانەش كە سەردانیان كردووە بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆیان ئەو سەردانیان كردووە، ئێمە لەگەڵیاندا نین و دەبێت توركیاش بزانێت كە ئەوان زانیاریی هەڵە لەسەر دۆخی توركمانەكان بە توركیا ڕادەگەیەنن".
محەمەد سەعدەدین، كە هاوكات ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە و گوتیشی: "ئەو لایەنە شیعە مەزهەبانە ناتوانن خزمەت بە توركمان بكەن و زیاتر بیری شیعەگەڕایی بڵاو دەكەنەوە".
ژمارەیەك لە لایەنە توركمانییە شیعە مەزهەبەكان، سەردانی توركیایان كردووە بۆ پشتگیری بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری كەركووك بە توركمانێك و بە پارێزگاكردنی هەر دوو شارۆچكەی خورماتوو و تەلەعفەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.