Erbil 13°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 16:52

نێچیرڤان بارزانى: ئه‌م قۆناغه‌ش تێده‌په‌ڕێنین

سه‌رۆك وه‌زیران له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
100%

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 23/10/2017 له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر، سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێزان وه‌زیرى ناوخۆ، پارێزگارى هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى گشتى و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكوومه‌ت ده‌رباره‌ى ڕه‌وشى ئاواره‌كانى كه‌ركووك و ناوچه‌كانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان كه‌ له‌ ئه‌نجامى هێرشه‌كانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ بۆ سه‌ر كوردستان، ئاواره‌ى شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان‌ بوون، كۆبووه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى باسى له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ كرد و ڕایگه‌یاند " كۆبوونه‌وه‌كه‌ زیاتر بۆ گفتوگۆكردنی كێشه‌ی ئاواره‌كانی كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بوو كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له‌و شوێنانه‌ ڕوویان دا، به‌ره‌و‌ شاره‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك و شوێنه‌كانی دیكه هاتوون‌. كۆبووینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بزانین دۆخه‌كه‌ چییه‌ و چۆن بتوانین ڕێكاری پێویست بگرینه‌ به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: ده‌مه‌وێ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سوپاسی خه‌ڵكی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك بكه‌م كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ توانایاندا بووبێت بۆ ئه‌و ئاوارانه‌ ئه‌نجامیان داوه،‌ به‌تایبه‌تی له‌ هه‌ولێر كۆمه‌كی زۆر بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ كۆكراوه‌ته‌وه‌. ده‌مه‌وێت سوپاسی خۆم به‌ تایبه‌تی ئاراسته‌ی خه‌ڵكی شاری هه‌ولێر بكه‌م، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێت سوپاسی خه‌ڵكی شاری سلێمانیش بكه‌م كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان داوه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی یارمه‌تی بۆ ئاواره‌كان‌".

سه‌باره‌ت به‌ بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ و ژماره‌ی ئاواره‌كان، به‌ڕێزیان گوتی: ژماره‌ی ئاواره‌كان له‌ له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی دیكه‌ گۆڕاندایه‌ و به‌ تێكڕا ژماره‌یان نزیكه‌ی سه‌د و په‌نجا هه‌زار كه‌س ده‌بن. دیراسه‌مان كردووه‌ بزانین چۆن ده‌توانین به‌ هانای ئه‌و ئاوارانه‌وه‌‌ بچین و هیوادارین دۆخێكی وا دروست ببێت كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان.

سه‌باره‌ت به‌ هاوكاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ به‌هاناوه‌هاتنی ئاواره‌كانی كه‌ركووك، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد كه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ په‌یوه‌ندیدان و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و به‌ڵێنیان داوه‌ كه‌ هاوكار ده‌بن بۆ یارمه‌تیدانیان.

سه‌باره‌ت به‌ دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئاماده‌كاری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی جووڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌ڕێزیان گوتی: هه‌ڵوێستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا چاره‌سه‌ر بكات و ئه‌مه‌ش هه‌م وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ و هه‌م سه‌ماحه‌تی سه‌ید عه‌لی سیستانی و خودی به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق دووپاتیان كردۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها هیواى خواست كه‌ ئه‌وان پابه‌ندی ئه‌وه‌ بن كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای دیالۆگ و ده‌ستووری عیراق چاره‌سه‌ر بكرێت و گوتى: تا ئێستا واده‌ی ناردنی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا دیار نییه‌، چونكه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌وانین و هه‌ر كاتێك وه‌ڵامێكمان وه‌رگرت ئاماده‌ین شاند بنێرین بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی جددی و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ و هه‌موو كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراق و به‌ ئاشتی له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

ڕوونیشى كرده‌وه‌ كه‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان تا ئێستا له‌ هه‌ندێك شوێن ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازییان به‌رده‌وامه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامیی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌بێت و ده‌بێته‌ هۆكارێكیش كه‌ پرۆسه‌ی دیالۆگ كیشه‌ی تێبكه‌وێت، بۆیه‌ هویاى خواست كێشه‌كان له‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ زیاتر نه‌بێت و ده‌ست به‌ گفتوگۆ و دانوستان بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ داواكاریی دروستكردنی حكوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و پرسیار له‌وه‌ی ئه‌م دۆخه‌ به‌ چی ده‌گات؟، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕایگه‌یاند ئه‌وه‌ی ئێمه‌ گوێمان لێ بووه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن بڵاوده‌كرێته‌وه‌، زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان به‌شدارن له‌و حكوومه‌ته‌ی ئێستا هه‌مانه‌ و ورده‌كاریمان له‌سه‌ر پرسی دروستكردنی حكوومه‌تی ڕزگاریی نیشتمانی نییه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نێك ده‌خوازێت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بكات، ئێمه‌ ئاماده‌ین گوێی لێ بگرین و بزانین مه‌به‌ست چییه‌ له‌و بابه‌ته‌ و چ هۆكارێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌و كاره‌ بكرێت و گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها گوتى: ده‌رباره‌ی پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، ئێوه‌ خۆتان باش ده‌زانن جه‌نابی سه‌رۆك بارزانى پێشتریش چه‌ندین جار ئه‌و قسه‌یه‌ی كردووه‌ و شتێكی نوێ نییه‌ كه‌ له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌ واده‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم كۆتایی دێت و ئه‌ویش نایه‌وێت دووباره‌ خۆی كاندید بكاته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و پۆسته‌ و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ری.

هه‌روه‌ها گوتى: ئه‌و فاكته‌رانه‌ی پێشتریش بوون به‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر شانی جه‌نابیان بێت و جێبه‌جێی بكات، پرسی شه‌ڕی داعش بوو كه‌ شه‌ڕێكی گه‌وره‌ بوو و نه‌ده‌كرا له‌و كات و ساته‌دا جه‌نابیان شتێكی تر بكات. بێگومان جه‌نابی سه‌رۆك نایه‌وێت ئه‌و ڕێسا و یاسایانه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌و ده‌كرێت بشكێنێت و جێبه‌جێیان ده‌كات و خه‌ڵكانێكیش بۆ خۆیان چى ده‌ڵێن ئه‌وه‌ بابه‌تێكی دیكه‌یه‌.

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخه‌كه‌ش به‌ڕێزیان گوتی "بارودۆخه‌كه‌ باش ده‌بێت و ئێمه‌ وه‌ك گه‌لی كوردستان دۆخی زۆر له‌وه‌ خراپترمان بینیوه‌ و به‌سه‌رمان هاتووه‌ و لێی ده‌رباز بووین. ئه‌وه‌ی ئێستا گرنگه‌ یه‌كێتیی ڕیزه‌كانی گه‌لی كوردستانه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه،‌ به‌تایبه‌تی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان پێویسته‌ ڕێگری له‌و ده‌سته‌یه‌ بكه‌ن كه‌ ده‌یه‌وێت دووبه‌ره‌كى دروست بكات و بارودۆخه‌كه‌ تێك بدات و به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاتی ئه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو كاتی ئه‌وه‌یه‌ هه‌موومان یه‌كگرتوو و یه‌كڕیز بین و دڵنیام له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ یه‌كڕیزی و یه‌كده‌نگی ڕووبه‌ڕووى كێشه‌كان ببینه‌وه‌، ده‌توانین له‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ی ئێستا ده‌ربازمان ببێت.

سه‌باره‌ت به‌ تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕایگه‌یاند ئێتسا كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك یه‌كتری تۆمه‌تبار بكه‌ین، كاتی یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی و به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردنه‌ و ئه‌مه‌ با بۆ قۆناغێكی دیكه‌ بمێنێت. ئه‌و كات ‌بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ لێكۆڵه‌ری مێژوویین و لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن، با دانیشن بزانن بارودۆخه‌كه‌ چۆن بووه‌، قسه‌ی زۆرمان هه‌یه‌ له‌وباریه‌وه‌ بیكه‌ین، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت ئیراده‌یه‌كی به‌هێزمان هه‌بیت و یه‌كگرتوو بین و به‌ یه‌كگرتوویی ئه‌م قۆناغه‌ سه‌خته‌ی ئێستا، تێپه‌ڕێنین.

ده‌رباره‌ی هه‌ڵوێسته‌ ئه‌رێنییه‌كانی ڕووسیای فیدراڵ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامیى كارى كۆمپانیا ڕووسییه‌كانى بوارى وزره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێزیان گوتی: ئێمه‌ پێشوازی له‌و هه‌ڵوێستانه‌ ده‌كه‌ین و پێشتریش گوتوومه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان هه‌مانه،‌ گرێبه‌ستی كاركردنن و هیچ په‌یوندییان به‌ پرسه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ نییه‌ و كۆمپانیا ڕووسییه‌كان وه‌كو هه‌ر كۆمپانیایه‌ك هاتوون له‌ هه‌رێمی كوردستان كاری وه‌به‌رهێنان بكه‌ن و ئێمه‌ ده‌رفه‌تمان داون به‌پێی یاسا و ده‌ستووری عیراق كه‌ مافی خۆمانه‌ وه‌ك هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌یریان ده‌كه‌ین، سوپاسی هه‌ر وڵاتێكیش ده‌كه‌ین كه‌ پشتیوانیی خه‌ڵكی ئێمه‌ بكات بۆ چاره‌سه‌ركرنی ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا.

سه‌باره‌ت به‌ پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌م دۆخه‌دا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وه‌یه‌ له‌ چوارچیوه‌ی عیراقدا و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و هه‌ر هه‌مان شته‌ كه‌ ئێمه‌ و ئه‌وانیش ده‌یڵێن، به‌ڵام له‌ ڕووی كردارییه‌وه‌ پێویسته‌ چاوه‌ڕی بین بزانین له‌ ئاینده‌دا چۆن ده‌بێت".

ده‌رباره‌ى مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌گه‌ری دواكه‌وتنی، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران گوتی هه‌ندێك كێشه‌ له‌ پرسی مووچه‌ دروست بوو، به‌ڵام دڵنیام ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن و مووچه‌ت ده‌درێت و گه‌ر دواكه‌وتنیش له‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ ڕووبدات، زۆر كورت ده‌بێت و چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.