Erbil 6°C سێشەممە 24 کانونی یەکەم 04:18

حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێشوازی له‌ ده‌سپێشخه‌ریی عه‌بادی بۆ گفتوگۆ ده‌کات

له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق و له‌ چوارچێوه‌ی شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق
کوردستان TV
#7
100%

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19/10/2017 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌بۆنه‌ی كۆچی دواییی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌وه‌ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی كرد، به‌ڕێزیشیان به‌ ناوی خۆی و خانه‌واده‌كه‌یه‌وه‌، سوپاسی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕووداوه‌كانی كه‌ركووك و ڕۆژانی دواتر له‌ ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 و دۆخی ئێستای كه‌ركووك و ئه‌و ناوچانه خرایه‌ به‌ر باس. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی به‌رگریكردن له‌ كه‌ركووك كرد و هیوای زووچاكبووونه‌وه‌ی بۆ برینداران خواست.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ دوایین ده‌سپێشخه‌ریی به‌ڕێز حه‌یده‌ر‌ عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی فیدرال كرد بۆ ده‌سپێكردنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی فیدرال له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق و له‌ چوارچێوه‌ی شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق، ئاماده‌ییی خۆیشی بۆ گفتوگۆ ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها داوای له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد كه‌ بۆ ده‌سپێكردن و به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌وگفتوگۆیه‌ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هاوكاریی هه‌ردوولا بكه‌ن.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌روه‌ها داوای له‌ داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت و هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان كرد به‌ هانای خوشك و براكانیان له‌ خه‌ڵكی خۆڕاگری كه‌ركووك و دووز خورماتووه‌وه‌ بچن كه‌ ڕوویان له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، سوپاسی خه‌ڵك و داموده‌زگاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد كه‌ به ‌هانایه‌وه‌ چوون.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چۆنیه‌تیی گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كان بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌كان و قۆناغی داهاتوو تاوتوێ كرا. ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێ بۆ داهاتوو بڕوانین و وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان به‌ دۆخێكی سه‌خت و دژواردا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام به‌ یه‌كڕیزی و كاری پێكه‌وه‌یی، وه‌ك چۆن گه‌لی كوردستان قۆناغه‌ سه‌خته‌كانی پێشووی تێپه‌ڕاندووه، ئه‌م قۆناغه‌ش تێده‌په‌ڕێنێت، جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ وه‌ك چۆن مێژوو سه‌لماندوویه‌تی، ئیراده‌ی گه‌لی كوردستان به‌ چه‌ك و ڕێكاری سه‌ربازی ناشكێت و كێشه‌كانی عیراق به‌و شێوازه‌ چاره‌سه‌ر نابن.

له‌ كۆتاییدا ئه‌نجومه‌نی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ كۆچی دواییی په‌رله‌مانته‌ر خوالێخۆشبوو شوان قه‌ڵادزه‌یی كه‌ له‌ ڕووداوێكی هاتوچۆدا گیانی له‌ ده‌ست دا، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كرد و خانه‌واده‌ی به‌ڕێزیان كرد.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.