دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی سەر لە ئێوارەی رۆژی، 1-10-2017 بە ئامادەبوونی دەیان سینەماکار و هونەرمەندی کورد و جیهانی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە ژێر دروشمی کولتوور و پێکەوەژیان دەستی بە چالاکییەکانی کرد، کە بە فیلمی وڵاتی پێرو بەناوی The Pink House فێستیڤاڵەکە کرایەوە.
بەر لە نمایشکردنی فیلمی کردنەوەی فێستیڤاڵ، هونەرمەندان و سینەماکارانی کورد و بیانی لەسەر فەرشی سووری فێستیڤاڵەکە تێپەڕین و چەندین وێنەی یادگاریشیان لەبەردەم فۆتۆکۆڵدا گرت.
ئەمساڵ وەک رێزلێنانێک لە خەبات و تێکۆشانی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان، سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵ چوار خەڵاتیان ئامادەکردبوون و لە سەرەتای فێستیڤاڵ پێشكەشكران، کە یەکەمین خەڵاتی ئەم فێستیڤاڵە خەڵاتێک بوو بەناوی ئەحمەد کایە ، بەخشرایە سەڵاحەددین دەمیرتاش، کە ئێستا لە تورکیا لە زینداندایەو بە نوێنەرایەتی ئەو ، نادر یەلدرم ،جێگری هاوسەرۆکەکانی هەدەپە خەڵاتەکەی وەرگرت.
خەڵاتی دووەم بریتی بوو لە خەڵاتی تەها کەریمی. کە لەلایەن دایک و باوکی دەرهێنەری کۆچکردوو تەها کەریمەوە بەخشرایە دەرهێنەری کورد
کامەران جەمال. هەروەها خەڵاتی شکۆمەندیش بەخشرایە ئەکتەری دێرینی شاری سلێمانی سمکۆ ناکام، خەڵاتی چوارەمیش کە بەناوی خەڵاتی پەرچەمە بوو، بەخشرایە میوزیکژەنی ناوداری کورد فرانسیس داود.
ههروهها بەهۆی داخستنی فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی لەلایەن بەغداوە، بەشێكی زۆر لە سینەماکارانی بیانی نەیانتوانی ئامادەی فێستیڤاڵەکە بن.
چالاکییەکانی دووەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی تاوەکو رۆژی 7-10-2017 بەردەوام دەبێت و تێیدا 170 فیلم لە بەشە جیاوازەکان نمایش دەکرێت، لە رۆژی کۆتایی فێستیڤاڵەکەشدا خەڵات بەسەر باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەری کچ وکوڕ دابەشدەکرێت.
دهزگای سهتهلایتی كوردستان / سامان زاهیر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.