Erbil -0°C ھەینی 03 کانوونی دووەم 06:11

سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان : هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هیچ که‌س قبوڵناکه‌ین

چیدی قبوڵ ناكه‌ین خه‌ڵكی دیكه‌ نه‌خشه‌ بۆ ئێمه‌ بكێشێت
کوردستان TV
100%

سه‌رۆك بارزانی رایده‌گه‌ێنێت، ئیدی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بڵێین ،ده‌بێ ئێمه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین، چیدی قبوڵ ناكه‌ین، خه‌ڵكی دیكه‌ نه‌خشه‌ بۆ ئێمه‌ بكێشێت، كه‌ چیبكه‌ین و چۆن بین.

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی فارسی ده‌نگی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: ریفراندۆم كۆتایی دونیا نییه‌، گفتوگۆی جددی دوای ریفراندۆم ده‌ستپێده‌كات، ئه‌وان ده‌ڵێن: نه‌خێر ریفراندۆم مه‌كه‌ن و وه‌رن ئێستا گفتوگۆ بكه‌ن، گفتوگۆ له‌سه‌ر چی؟ تۆ ریفراندۆم ره‌فز بكه‌ی، مانای ئه‌وه‌یه‌ بڕوات به‌ هیچ شتێكی دیكه‌ نییه‌. پاشان ئێمه‌ موشكیله‌مان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ خۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیمان نییه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ ته‌فاهوم، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌مریكا زه‌مانه‌تی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بكه‌ن. به‌غدا ده‌ڵێ: نه‌ ئێستا و نه‌ له‌ ئاینده‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌یان قبوڵ نییه‌، مادام ئێمه‌ش نه‌ ئێستا و نه‌ له‌ ئاینده‌ش پاشكۆی ئه‌وانمان قبوڵ نییه‌.

 سه‌رۆك بارزانی گوتی: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ئیدی به‌سبێ ئێمه‌ ئه‌سیری پلانی سایكس - بیكۆ و سه‌عد ئاباد و لۆزان بین، راسته‌ ئێمه‌ له‌ جوگرافیای ئه‌وانین، به‌ڵام ئێستا ساڵی شه‌سته‌كان و حه‌فتاكان نییه‌، ئیدی كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بڵێین ده‌بێ ئێمه‌ بڕیار له‌ چاره‌نووسی خۆمان بده‌ین، چیدی قبوڵ ناكه‌ین خه‌ڵكی دیكه‌ نه‌خشه‌ بۆ ئێمه‌ بكێشێت كه‌ چیبكه‌ین و چۆن بین، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بشمرین ئێمه‌ حازرین.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: ته‌مه‌ننا ده‌كه‌م ریفراندۆم هیچ كاریگه‌رییه‌ك نه‌كاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی ئێمه‌ و توركیا، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هیچ كه‌س قبوڵناكه‌ین، زۆر پێمخۆشه‌ ئه‌م په‌یامه‌م زۆر به‌ڕوونی بگاته‌ به‌رپرسانی توركیا كه‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌كارنه‌هێنن، چونكه‌ قبوڵی ناكه‌ین، زمانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌ك ده‌وڵه‌ت، له‌ یه‌ك كه‌س قبوڵناكه‌ین. چیمان كردووه‌؟ میلله‌تێك ده‌ڵێ ده‌مانه‌وێ سه‌ربه‌خۆبین، فه‌رموون وه‌رن لێمان بپرسن ئه‌رێ بۆ واده‌ڵێن؟ چی وایكرد ئێوه‌ ئه‌م داوایه‌ بكه‌ن؟ له‌جیاتی هه‌ڕه‌شه‌ با بێن بڵێن چیتان ده‌وێ؟ ئێمه‌ش ریفراندۆم ده‌كه‌ین با بێن ئیباده‌مان بكه‌ن.

سه‌رۆك بارزانی گوتیشی:به‌رپرسانی عێراق گوێ له‌ گوته‌بێژی ئه‌مریكا ده‌گرن، ئه‌و تووند بوو، ئه‌مانیش تووند ده‌بن، ئه‌و سست بوو، ئه‌مانیش سست ده‌بن.

 

كوردستان تیڤی: رزگار تاهیر

ئاژانسه‌كانی هەواڵ

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.