بهرێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسنامەیەک ئاڕاستهی جەماوەری خۆشەویست و نیشتیمانپەروەری سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین دهكات كه ئهمه دهقهكهیهتی:
پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئێوەی ئازیز و نیشتیمانپەروەر دەکەم بۆ ئەو بەشدارییە فراوان و پڕ جۆش و خرۆشەتان لە کۆبوونەوەی جەماوەریی ڕۆژی سێشەممە 19ـی9ـی2017. جۆش و خرۆشی ئێوە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ناوخۆ و دەرەوە کە گەلی کورستان بە یەکڕیزی و یەکدەنگییەوە بەرەو ئامانجی خۆی هەنگاو دەنێت.
ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەڕێوەچوون و هاواری پڕ بەگەرووی جەماوەری کوردستان بۆ سەربەخۆیی، بۆخۆی ڕیفراندۆمێکە و ئێستا هەموو جیهان تێگەیشتووە کە گەلی کوردستان ژێردەستەیی ڕەت دەکاتەوە و دەیەوێ سەربەخۆ بێت. ئێوەی جەماوەری خۆشەویستی کوردستان بە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانتان گوت کە سەربەخۆیی چەترێکە هەموو ڕەنگ و بیروبۆچوونە سیاسییەکان کۆ دەکاتەوە و ئاڵای کوردستان بەرز ڕادەگرن.
دڵنیاشم ڕۆژی ٢٥ـی٩ بە هەمان جۆش و خرۆشەوە موژدەی سەرکەوتن و سەربەخۆیی دەدەنە شەهیدان و بە سەربەرزییەوە ڕوو لە شەهیدان دەکەن و دەڵێن: ئیدی ژێردەستەیی تەواو، کاتی سەربەخۆییە.
لێرەوە بەپێویستی دەزانم سوپاسی هێزی پێشمەرگە و سەرجەم دەزگا ئیداری و ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتوچۆ بکەم بۆ هاوکارییان لە پاراستنی ئاسایشی خەڵک و باشتر بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە جەماوەریانە.
هەر شاد و سەرفرزا بن
مەسعود بارزانی
٢١ـی٩ـی٢٠١٧
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.