فەرمانگەی میدیا و زانیاری داتاکانی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بڵاو کردەوە کە تێیدا ڕێژەی تۆمارکردنی مووچەخۆران گەیشتووەتە 99% و زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مووچەی مانگی ئەیلوول بە دیجیتاڵی وەردەگرن، هاوکات تەواوی ئاماری بانکە بەشدارەکان، ئامێرەکانی ATM و وەڵامی پرسیارە باوەکانی خستەڕوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داتا و زانیارییەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"ـی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە لە پێناو گشتگیریی دارایی، بە هەماهەنگی و لەژێر چاودێریی بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێت، تاوەکو سەرجەم مووچەخۆران دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەردەمییەکانی بانک بگات و ئازادیی دارایی زیاتریان هەبێت.
بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، ڕێژەی تۆمارکردنی مووچەخۆران گەیشتووەتە 99% و ئامارەکانی پڕۆژەکە بەم شێوەیەن:
مووچەخۆری تۆمارکراو: 1.14 ملیۆن مووچەخۆر (99%ـی کۆی گشتی).
کارتی دابەشکراو: 1.07 ملیۆن مووچەخۆر (94% کارتەکانیان وەرگرتووەتەوە).
وەرگرتنی مووچە بە شێوەی دیجیتاڵی: 1.02 ملیۆن مووچەخۆر (90%ـی مووچەخۆران بۆ مووچەی مانگی ئەیلول).
کۆی پارەی وەرگیراو لە ڕێگەی پڕۆژەکەوە: زیاتر لە 11 ترلیۆن دینار.
پارەی هەڵگیراو لە هەژمارەکاندا: 62 ملیار دینار لە هەژماری شەش بانکی بەشدار پاشەکەوت کراوە.
سەبارەت بە ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM)، تاوەکو ئێستا نزیکەی 800 ئامێر لە 200 شوێنی جیاواز دانراون و ئامانجیش گەیشتنە بە 1,000 ئامێر بەپێی ڕێساکانی بانکی ناوەندیی عێراق، کە بەسەر بانکە بەشداربووەکاندا بەم جۆرە دابەش بوون:
ئارتی بانک: 205 ئامێری ATM
بانکی جیهان: 177 ئامێری ATM
بانکی نیشتمانیی عێراق: 158 ئامێری ATM
بانکی ئیسلامیی عێراقی: 121 ئامێری ATM
بانکی بەغداد: 30 ئامێری ATM
بانکی بازرگانیی عێراقی (TBI): 21 ئامێری ATM
بانکی BBAC: 6 ئامێری ATM
لە ڕووی دابەشبوونی وەرگرتنی مووچەی دیجیتاڵی لەسەر ئاستی جۆری سوودمەندان و پارێزگاکان، داتاکان بەم شێوەیەن:
بەپێی جۆری سوودمەند (کۆی گشتی 1,016,290)
فەرمانبەری مەدەنی: 398,293 (39.2%)
خانەنشین: 313,844 (30.9%)
سەربازی: 237,763 (23.4%)
بنەماڵەی شەهیدان: 66,390 (6.5%).
بەپێی پارێزگاکان (کۆی گشتی 1,016,290):
هەولێر: 422,130 (41.5%)
سلێمانی: 372,194 (36.6%)
دهۆک: 196,741 (19.4%)
هەڵەبجە: 25,225 (2.5%).
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری وەڵامی گرنگترین پرسیارە باوەکانی خستووەتەڕوو:
گۆڕینی بانک: بەم نزیکانە هەموو سوودمەندبووان دەتوانن بانکەکەیان بگۆڕن بۆ هەر بانکێکی دڵخوازی خۆیان لە نێوان بانکە بەشدارەکانی پڕۆژەکەدا.
تۆمارکردن پاش تەواوبوونی پڕۆژەکە: ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمار نەکراون، تۆمارکردنیان لە بانکە گشتییەکان یان لە ڕێگەی یەکەی ژمێریاریی فەرمانگەکانیانەوە بەردەوام دەبێت تا هەمووان کارت وەردەگرن.
ڕووبەڕووبوونەوەی فێڵکاری: لە کاتی هەر گومانێکدا پێویستە دەستبەجێ بە بانکەکەت ڕابگەیەنیت، کارتەکەت ناچالاک بکەیت، داوای کارتی نوێ بکەیت و وشەی نهێنی بگۆڕیت.
ڕاکێشانی پارە لە ATMـی بانکی تر: ڕێگەپێدراوە، تەنیا بۆ هەر مامەڵەیەک ڕێژەی 0.04% وەردەگیرێت، کە لە 4,000 دینار زیاتر نابێت.
ئاگاداربوون لە خشتەی مووچە و هاوکاری: لە ڕێگەی کەناڵی فەرمیی واتسئەپی "هەژماری من"ـەوە دەبێت، یان بۆ هاوکاری دەتوانرێت پەیوەندی بە ناوەندی پەیوەندییەکانی "هەژماری من" بە ژمارە (1991) بکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.