دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ئاشکرای کرد، لە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراواندا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای سەڵاحەددین، دەستیان بەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵیی گەورەدا گرتووە کە تێیدا دەستکاریی 56,164 پسوولەی غەرامە کراوە و بڕی زیاتر لە 2 ملیار دینار بە تاڵان براوە.
تیمەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی سەڵاحەددین دوای بەدواداچوونی ورد، بۆیان دەرکەوتووە کە گەندەڵییەکان بەم شێوەیە بوونە بەرپرسی بەشی غەرامە و دزیکردن لە مۆڵگە و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل (ئەفسەرێک بە پلەی عەقید) دەستکاریی 34,164 پسوولەی غەرامەی کردووە و بڕی 1,853,200,000 دیناری بە تاڵان بردووە. هەروەها ئەفسەرێکی دیکە بە پلەی عەقید، دەستی بەسەر 22,000 پسوولەی غەرامەدا گرتووە و بڕی 339,135,000 دیناری تاڵان کردووە
لێکۆڵینەوەکان سێ ئەفسەری دیکەشی گرتووەتەوە (یەک عەمید و دوو عەقید)، ئەوان تۆمەتبارن بەوەی لە ڕێگەی کەمتەرخەمی لە وردبینیکردنی پسوولەکان ڕێگەیان خۆش کردووە بۆ ئەوەی ئەو گەندەڵییە ئەنجام بدرێت و ئاشکرا نەبێت.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوە کرد، کۆی گشتیی تۆمەتباران 31 کەسە کە لەنێوانیاندا بەڕێوەبەری پێشوو و فەرمانبەرانی هاتوچۆ و بانکی کشتوکاڵی هەن. تاوەکو ئێستا 10 کەس دەستگیرکراون و بۆ لێکۆڵینەوە ڕاگیراون، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوانی دیکەش دەرچووە و بەدواداچوون بۆ گرتنیان بەردەوامە. پەڕاوی لێکۆڵینەوە بەپێی ماددەی 315ی یاسای سزادان کراوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.