بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، هێزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوان تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتی لە هاووڵاتییان کردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی ئەیلوول، محەممەد غەریب گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ڕایگەیاند: لە درێژەی هەڵمەتەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییان، توانیویانە تۆمەتبار (ا. د.) کە تەمەنی 21 ساڵە و دانیشتووی شاری کەلارە، دەستگیر بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، تۆمەتبارەکە تۆمەتبارە بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەکردن لە ئافرەتان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەتییان. دوای پشکنینی مۆبایلەکانی، دەرکەوتووە کە ناوبراو 6 هەژماری جیاوازی لە بەرنامەکانی تیکتۆک و سناپچات بەکارهێناوە بۆ مەبەستی هەڕەشەکردن و سەرانەوەرگرتن.
لە ئێستادا تۆمەتبار بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە. پۆلیسی گەرمیان داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە سکاڵایان لە دژی ئەو تۆمەتبارە و ئەو ئەکاونتانە هەیە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکەن بۆ تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.