Erbil 31°C شەممە 05 ئەیلوول 18:12

یانەی هەولێر سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاندەرانی دەکات

100%

شەوی ڕابردوو، لە گەڕی پێنجی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا ڕووبەڕووی یانەی شوڕتە بووەوە و یارییەکە بەبێ گۆڵ بۆ هەردوولا کۆتایی هات، بەمەش یانەی هەولێر توانی لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولەکەدا بمێنێتەوە.

دوای یارییەکە و لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان، هاندەرانی یانەی هەولێر لە لایەن هاندەرانی یانەی شوڕتەوە لە بەغدا تووشی هێرش و پەلاماردان بوونەوە و ژمارەیەک هاندەر بریندار کران و زیانێکی زۆریش بەر پاسەکانی گواستنەوەی هاندەران کەوت.

یانەی وەرزشیی هەولێر سەبارەت بەم ڕووداوە نەخوازراوە بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاو کردەوە، یانەکە بە توندی سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هاندەرانی کرد و داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکات و داواش لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە بەرپرسیارییەوە لەگەڵ ئەم بابەتە مامەڵە بکەن و ڕێگە نەدرێت دووبارە ڕووداوێکی لەم شێوەیە ڕووبداتەوە.

دەقی بەیاننامەی ناڕەزایی یانەی هەولێر؛

دەستەی کارگێری یانەی وەرزشی هەولێر بەداخەوە و بە توندی هەڵوێستی و ناڕەزایی خۆی دەربڕێت لەسەر ئەو ڕووداوە ناخۆش و مەترسیدارە و ترسنۆکانەی دوای کۆتاییهاتنی یاریی یانەکەمان بەرانبەر یانەی شورتە لە شاری بەغدا ڕوویدا.

دوای تەواوبوونی یارییەکە، لە کاتێکدا هاندەرانی یانەکەمان بە ئارامی و بێ هیچ کێشەیەک یاریگەیان بەجێدەهێشت، بەداخەوە کۆمەڵێک لە هاندەرانی یانەی شورتە هێرشێکی ترسنۆکانە و نامرۆڤانەیان کردە سەر هاندەرانی یانەکەمان و پاسەکانی گواستنەوەی هاندەرانمان.

ئەم هێرشە تەنها سنووری کێشەیەکی ئاسایی لە نێوان هاندەران تێنەپەڕاندووە، بەڵکوو بووەتە هۆی پەلاماردانی پاسەکانی هاندەرانی یانەی هەولێر و برینداربوونی ژمارەیەک لە هاندەرە خۆشەویستەکانمان، کە بە مەبەستی هاندان و پشتگیری لە یانەکەیان هاتبوونە بەغدا.

دەستەی کارگێری یانەی هەولێر ئەم کردارە بە هیچ شێوەیەک قبوڵ ناکات و بە توندی ئیدانەی دەکات. تۆپی پێ وەرزشە و پێویستە هەموو کێبڕکێ و جیاوازییەکان لە ناو چوارچێوەی یاسا و گیانی وەرزشی بمێننەوە. جیاوازیی ڕەنگ، یانە و هاندەر نابێتە هۆی ئەوەی ژیانی کەسانێک بخەینە مەترسییەوە.

ئێمە لە یانەی هەولێر پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان دەردەبڕین و بە تایبەتی سەرەخۆشی و دڵسۆزیی خۆمان بۆ ئەو کەسانە دەردەبڕین کە لەم ڕووداوەدا بریندار بوون، و هیوادارین بە زوویی چاکببنەوە.

لە هەمان کاتدا، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان، دەزگاکانی ئاسایش، دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی شورتە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەکەین بە شێوەیەکی جددی و بەرپرسانە ئەم ڕووداوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و هەموو ئەو کەسانەی بەشداربوون لە پەلاماردانی هاندەرانی یانەی هەولێر و زیانگەیاندن بە پاسەکانیان، بەپێی یاسا و ڕێوشوێنی پێویست مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.

هەروەها داوا دەکەین کە کامێرا و بەڵگە و ڤیدیۆکانی پەیوەندیدار بە ڕووداوەکە کۆبکرێنەوە و بە شێوەیەکی ورد پشکنین بکرێن، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان بە تەواوی بۆ خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕوون بکرێنەوە و مافی هاندەرانی یانەکەمان بپارێزرێت.

لە کۆتاییدا، یانەی هەولێر داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بە بەرپرسیارییەوە لەگەڵ ئەم بابەتە مامەڵە بکەن و ڕێگە نەدرێت دووبارە ڕووداوێکی لەم شێوەیە ڕووبداتەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.