Erbil 31°C پێنجشەممە 03 ئەیلوول 23:14

نەرویج لەسەر داوای ئۆکراینا دەست بەسەر کەشتییەکی گەشتیاریی ڕووسیادا دەگرێت

100%

دەسەڵاتدارانی نەرویج لە ناوچەی جەمسەری باکوور، دەستیان بەسەر کەشتییەکی گەشتیاریی ڕووسیادا گرت، ئەمەش لەسەر داوای کۆمپانیای وزەی حکوومیی ئۆکراینا (نافتوگاز) وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو سامانانەی کە لە لایەن مۆسکۆوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

کۆمپانیای نافتوگاز لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کەشتیی "Professor Molchanov"لە ئەرخەبیلی سڤالبەردی نەرویجی پشتبەست بە فەرمانێکی دادگا دەستبەسەر کراوە. هاوکات بەرپرسێکی پۆلیسی سڤالبەرد بۆ ڕۆژنامەی (Aftenposten)ی نەرویجی، ڕاستیی ئەم ڕێکارە یاساییەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەم هەنگاوەی نەرویج بە ئامانجی جێبەجێکردنی حوکمێکی نێودەوڵەتییە کە ڕووسیای پابەند کردووە بە پێدانی نزیکەی 4.2 ملیار دۆلار بە کۆمپانیای نافتۆگاز، وەک قەرەبووی دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی سامانەکانی ئەو کۆمپانیایە لە دوای لکاندنی نیمچەدوورگەی کریمیا بە ڕووسیا لە ساڵی 2014دا.

سێرگی فیدۆرینکۆ سەرۆکی جێبەجێکاری بەوەکالەتی کۆمپانیای نافتۆگاز، ئەم ڕێکارەی بە هەنگاوێکی گرنگ بەرەو بەدیهێنانی دادپەروەری وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئێمە بەردەوام دەبین لە شوێنکەوتنی سامانەکانی ڕووسیا لە سەرانسەری جیهاندا تا ئەو کاتەی تەواوی ئەو قەرەبووانەی دادگا بڕیاری لێ داوە، بۆ کۆمەڵەی نافتۆگاز و کۆمپانیاکانی دیکەی سەر بەو گروپە خەرج دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "VesselFinder" کە تایبەتە بە شوێنکەوتنی جوڵەی کەشتییەکان، کەشتیی "Professor Molchanov" لە ناوچەی بارێنتسبۆرگ لەنگەری گرتبوو، کە نیشتەجێگەیەکی تایبەت بە کارە کانزاییەکانە لە ناوچەکەدا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.