ئەمڕۆ پێنجشەممە شێخ محهمهد بن عهبدولڕهحمان بن جاسم ئال سانی سەرۆک وەزیران قەتەر بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران كۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا لەسەر هێوركردنەوەی بارودۆخ و كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە رێككەوتن.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی قەتەر جەختی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی ڕێڕەوی دیپلۆماسی کردەوە و ڕایگەیاند "دیالۆگ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ڕێگریکردن لە ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەکەدا".
شێخ محهمهد بن عهبدولڕهحمان بن جاسم ئال سانی بەهەمانشێوە پێشوازی لە لێكتێگەیشتنی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عومان کرد سەبارەت بە ڕێڕەوی كەشتییەكان لە گەرووی هورمز و رایگەیاند "ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە".
لای خۆشییەوە سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بە پێشێلکارییەکانی ئەمریکا کرد سەبارەت بە یاداشتی لێكتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد کە وڵاتی قەتەر یەکێک بوو لە ناوەندگیڕەکانی و گوتی "ئیدارەی ترەمپ بڕیاری هەڵە لەسەر بنەمای زانیاریی چەواشەکارانە دەدات، بەم حیساباتە هەڵانە، نەک تەنیا سەرچاوەی دارایی و سەربازی و مرۆییەکانی ئەمریکا بەفیڕۆ دەدات، بەڵکو داهاتووی ناوچەکەش دەخاتە مەترسییەوە و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران دەکاتە ئامانج و دەبێتە هۆی تێكدانی سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
قالیباف جەختی کردەوە کە گەمارۆی ئابووریی سەر ئێران کاریگەر نا بێت و دووپاتی کردەوە کە گەلی ئێران بە سەربەرزییەوە داوای مافەکانی خۆی دەکات، هەروەها داواشی لە ئەمریکا کرد ئەو مەرجانە جێبەجێ بکات کە لەژێر یاداشتی تێگەیشتنەکەدا بەڵێنی پێداون.
دوێنێ چوارشەممە ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرای كردبوو كە محهمهد بن عهبدولڕهحمان بن جاسم ئال سانی سهرۆك وهزیرانی قهتهر به سەردانێکی فەرمی دهگاته تارانی پایتهختی ئێران.
لهبارهی ناوەڕۆكی سەردانەكە رایگهیاندبوو: ئەم سەردانە لە چوارچێوەی ڕاوێژە بەردەوامەکانی نێوان تاران و دەوحە دهبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
ئیسماعیل بەقایی ههروهها ستایشی هەوڵەکانی چهند مانگی رابردووی دەوڵەتی قەتەری کردبوو بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.