توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی واشنتن لە سانت لویس دەریخستووە، بەکارهێنانی تەکنیکی لەیزەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرێیەکانی مێشک، یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی نەخۆشەکان و باشترکردنی کوالێتی ژیانیان، بەتایبەت کاتێک لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بەکاربهێنرێت.
توێژەران لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی واشنتن، دوای شیکردنەوەی داتای 787 نەخۆش لە 25 ناوەندی پزیشکی لە ئەمریکا، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ئەم جۆرە چارەسەرە کە بە (LITT) ناسراوە، شۆڕشێکی نوێیە لە چارەسەرکردنی ئەو گرێیانەی کە گەیشتن پێیان یان لادانیان بە نەشتەرگەریی کلاسیکی ئەستەمە.
تەکنیکێکی پێشکەوتوو و کەمترین زیان بە پێچەوانەی نەشتەرگەرییە کراوەکان کە پێویستییان بە لابردنی بەشێکی ئێسکی سەر هەیە، چارەسەری لەیزەر تەنها کونیەکی زۆر بچووک لە کەللەسەردا دروست دەکات. پزیشکان لە ڕێگەی تیشکی لەرەلەری موگناتیسی (MRI) بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لەیزەرەکە ئاراستەی ناو جەرگەی گرێیەکە دەکەن و بە گەرمی خانە شێرپەنجەییەکان تێکدەشکێنن، بێ ئەوەی زیان بە شانە ساغەکانی مێشک بگەیەنن.
ئەنجامە باوەڕپێنەکراوەکان:
- درێژکردنەوەی تەمەن: ئەو نەخۆشانەی کە لایەنی کەم 91%ـی گرێیەکانیان لە ڕێگەی لەیزەرەوە تێکشکێنراوە، تێکڕای تەمەنیان گەیشتووەتە 2.1 ساڵ، لە کاتێکدا لە نەشتەرگەرییە تەقلیدییەکاندا تێکڕاکە تەنها 1.5 ساڵە.
- چاکبوونەوەی خێرا: نەخۆش تەنها 32 کاتژمێر لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە و دوای یەک ڕۆژ دەتوانێت بگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی.
- کەمترین شوێنەوار: نەشتەرگەرییەکە تەنها پێویستی بە یەک "تەقەڵ" یان غەرزە هەیە بۆ داخستنی شوێنی لەیزەرەکە.
- کەمکردنەوەی دەرمان: نەخۆشەکان دوای ئەم چارەسەرە، پێویستییان بە دەرمانی دژە فێ (صرع) کەمتر بووەتەوە.
دکتۆر ئیریک لوتھاردت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: ئامانجمان ئەوەیە تەمەنی تووشبووانی شێرپەنجەی مێشک درێژ بکەینەوە و ڕێگەیان بدەین ژیانێکی ئاساییتر بەسەر بەرن. ئەم تەکنیکە مەترسییەکان کەمدەکاتەوە و هیوایەکی نوێ دەبەخشێتە ئەو نەخۆشانەی کە پێشتر هیوایەکی کەمیان بۆ مابووەوە.
توێژینەوەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە چارەسەری پێشوەختە (Early Intervention) کاتێک گرێیەکان هێشتا بچووکن، ئەنجامی زۆر باشتر و دڵخۆشکەرتر دەبەخشێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.