کەریم بنزیمە هێرشبەری فەڕەنسی یانەی هیلالی سعوودی، کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کە لەبارەی داهاتوویەوە دروست بووبوون و ڕایگەیاند کە لە ڕیزەکانی یانەکەدا دەمێنێتەوە.
دوای سەرکەوتنی یانەی هیلال بەسەر یانەی فەیحا بە ئەنجامی 3-0، لە چوارچێوەی گەڕی 2ـەمی خولی پیشەگەری سعوودی، بنزیمە لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی داهاتووی و دەنگۆکانی جێهێشتنی یانەکە گوتی: داهاتووم؟ دەتەوێت چی بڵێم؟ هەموو شتێک بەباشی دەڕوات، من گرێبەستم هەیە و لە ئێستادا لێرەم، دەبینین چی ڕوودەدات، بەڵام من لە هیلال دەمێنمەوە.
ئەم لێدوانەی هێرشبەرەکەی پێشووی ڕیاڵ مەدرید، کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوبوونەوە، بەتایبەت ئەو هەواڵانەی باسیان لە هەبوونی ناکۆکی لە نێوان ئەو و سیمۆنی ئینزاگی، ڕاهێنەری یانەکە دەکرد، لەگەڵ باسکرنی ئەوەی کە یانەکە بەدوای هێرشبەرێکی نوێدا دەگەڕێت.
لەلای خۆشییەوە، ئینزاگی خۆی لە باسکردنی وردەکارییەکانی داهاتووی بنزیمە پاراست و ڕایگەیاند کە تەواوی سەرنجی لەسەر کارە هونەرییەکان و ئەو یاریزانانەیە کە لە پێکهاتەی یانەکەدا ئامادەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.