نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا، ژمارەیەک تیرۆریست لەناو مۆڵگەیەکیان لە دۆڵی (زغيتون) لە سنووری پارێزگای کەرکووک کوژران.
ئەمڕۆ سێشەممە 18ـی ئاب، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە، تێیدا هاتووە: لە درێژەی هەوڵە هەواڵگرییەکاندا بۆ بەدواداچوونی پاشماوەکانی تیرۆر و لەسەر بنەمای زانیاریی وردی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سەربازی، جووڵەی ژمارەیەک تیرۆریست لەناو مۆڵگەیەکیان لە دۆڵی (زغيتون) لە سنووری فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک دەستنیشان کرا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە و بە سەرپەرشتی و هەماهەنگیی ڕاستەوخۆی شانەی بە ئامانجگرتن لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هەڵۆکانی هێزی ئاسمانی بە فڕۆکەی جەنگیی ئێف-16، دوو پەلاماری ئاسمانیی سەرکەوتوو و ڕاستەوخۆیان بۆ سەر شوێنی دیاریکراو ئەنجام دا.
نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ئاشکرای کردووە کە پەلامارەکان بوونە هۆی وێرانکردنی مۆڵگەکە بە تەواوی و کوژرانی سەرجەم ئەو تیرۆریستانەی لە ناویاندا بوون.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە هێزە چەکدارەکان بە هەموو بەشە هەواڵگری و جەنگییەکانییەوە بەردەوام دەبن لە تێکشکاندنی مۆڵگەکانی تیرۆر لە هەر کوێیەک بن و تیرۆریستان لەسەر خاکی عێراق هیچ پەناگەیەکیان نابێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.