تیمی پزیشکی و پسپۆڕانی بواری تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی کێشانی جگەرە ڕاستەوخۆ پێش چوونه ناو جێگەی خەوتن، کاریگەری نەرێنی قووڵ لەسەر جۆری خەو و تەندروستی کۆئەندامی هەناسە جێدەهێڵێت. جەختیش دەکرێتەوە کە ئەم خووە دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییەکانی پرخەپڕخ و تێکچوونی سیستمی هەناسەدان لەکاتی خەودا.
دکتۆر دەیڤد ڕیچارد، پسپۆڕی بواری خەو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "Sante"ی فەرەنسی ڕایگەیاند: کێشانی دواین جگەرە بەرلە خەوتن دەبێتە هۆی هەوکردن و خورانی بۆرییەکانی هەناسە. ناوبراو ئامۆژگاری جگەرەکێشان دەکات کە لانی کەم 2 کاتژمێر بەرلە خەوتن، لە کێشانی جگەرە دووربکەونەوە.
دیارترین مەترسییەکانی جگەرەکێشان بەرلە خەوتن:
1- دروستبوونی کێشە لە بۆرییەکانی هەناسە و زیادبوونی کۆکە و تەنگەنەفەسی.
2- خراپترکردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە، وەک ڕەبۆ و گیرانی درێژخایەنی سییەکان.
3- زیادبوونی ئەگەری پچڕانی هەناسە لەکاتی خەودا، کە ئەمەش پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە.
4- زیادبوونی پرخەپڕخ بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی تووتن لەسەر ڕێڕەوی هەناسە.
جێگرەوە تەندروستەکان
بۆ دەستکەوتنی خەوێکی ئارام، پسپۆڕان پێشنیار دەکەن جگەرەی پێش خەوتن بە چەند خوویەکی تەندروست بگۆڕدرێت، وەک:
- ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەناسەدان و تێڕامان (Meditation).
- وەرزشکردنی بەردەوام لە کاتەکانی ڕۆژدا.
- هەواگۆڕکێی ژووری خەوتن.
- دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە هاندەرەکان (کافایین) و ژەمە قورسەکان لە کاتەکانی شەودا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.