Erbil 31°C ھەینی 07 ئاب 22:06

دادگای عێراق: چەند فەرمانبەرێکی شارەوانیی ناسریە و باندێکی ساختەکاری دەستگیرکران

100%

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقار، دەستگیرکردنی ژمارەیەک فەرمانبەری شارەوانیی ناسریە و چەند "مامەڵەکارێکی" ڕاگەیاند کە دەستیان لە ساختەکردنی مۆر و بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە دابەشکردنی زەوی هەبووە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند: لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا، هێزەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی پارێزگای زیقار، توانییان چەند فەرمانبەرێکی شارەوانی و چەند کەسێکی تر کە وەک مامەڵەکار (معقب) کاریان کردووە، دەستگیربکەن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە کاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەست بەسەر چەندین مۆر، نووسراوی فەرمی و کۆنووسی ساختەی پەیوەست بە پارچە زەویی نیشتەجێبووندا گیراوە. هەروەها تۆمەتباران بریکارنامە و مستەمسەکی ساختەیان بەکارهێناوە بۆ ڕاییکردنی مامەڵە نایاساییەکان. جگە لە بەڵگەنامەکان، دەست بەسەر چەندین ئامێری پەیوەندی و چەکدا گیراوە کە لای تۆمەتباران بووە.

دادوەری لێکۆڵینەوە ئاشکرای کرد، کە پڕۆسەکە لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی داواکاری گشتی و دادگای دەستپاکی ئەنجامدراوە. لە ئێستادا وتەی یاسایی لە تۆمەتباران وەرگیراوە و ڕێکارەکان تەواو کراون تاوەکو ڕەوانەی دادگای تایبەتمەند بکرێن بە مەبەستی دادگاییکردنیان بەپێی یاسا بەرکارەکان.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.