Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 15:10

ئەمریكا گەشبینە بە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز

Kurdistan Ahmed
100%

سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئەگەری هەیە تاوەکو ڕۆژی چوارشەممە وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران بگاتە ڕێککەوتن بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمز، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سەقامگیرکردنی نرخەکانی وزە لە جیهاندا.

بێسێنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (CNBC) ئەمڕۆ سێشەممە (4ی ئابی 2026) ئاشکرای کرد، کە واشنتۆن لە ناو پڕۆسەی گفتوگۆدایە لەگەڵ تاران و گوتی: بڕوام وایە دەرفەتێک هەیە ئەمڕۆ یان سبەی بگەینە ڕێککەوتن بۆ کردنەوەی گەرووەکە و جووڵان بەرەو ئاساییکردنەوەی دۆخەکە لەم ململانێیەدا. وەزیری خەزێنە جەختی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە ئازادیی دەریاوانی گەرەنتی دەکات.

ئەم لێدوانانەی بێسێنت هاوکاتن لەگەڵ وتەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو گفتوگۆکان بەردەوامن و کردنەوەی ڕێڕەوە ئاوییەکە لەوانەیە هەر ڕۆژی سێشەممە ڕوو بدات. ترەمپ ئەم قۆناغەی وەک دوایین دەرفەت بۆ ئێرانییەکان وەسف کرد تاوەکو بگەنە ڕێککەوتنێکی باش.

سەرەڕای گەشبینییەکانی واشنتۆن، کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونی هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردەوە. ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئێمە لە ئێستادا هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو گفتوگۆکانمان لەگەڵ سوڵتاننشینی عومانە بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراو لە گەرووی هورمزدا.

لە کاتێکدا هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕ بوونەتەوە، بارودۆخی مەیدانی هێشتا نادیارە. ڕۆژی سێشەممە کەشتییەکی بارهەڵگر لە ناو گەرووی هورمزدا بە مووشەكێكی نەناسراو پێکرا، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە مەترسییە ئەمنییەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە. مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئاڵۆزییەکان پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا هەیە کە عومان تێیدا بەشدارە. ڕۆبیۆ گوتی: لە ئێستادا بڕێک نەوت بە ناو گەرووەکەدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین گەرووەکە کراوەیە.

گەرووی هورمز شا دەماری بازرگانیی سووتەمەنییە لە جیهاندا و لە کۆتایی مانگی شوباتەوە لەلایەن ئێرانەوە داخرابوو، کە ئەمە ببووە هۆکاری سەرەکیی هەڵگیرسانەوەی ململانێی سەربازیی نێوان واشنتۆن و تاران. وەزیری گەنجینەی ئەمریکا هیوای خواست کە ڕێککەوتنەکە ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکانی وزە، ئاماژەی بەوەش کرد کە سەدان کەشتی چاوەڕێی تێپەڕبوون دەکەن تاوەکو بازاڕەکان ئارام ببنەوە.

چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە 24 کاتژمێری داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە و ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.