Erbil 31°C شەممە 01 ئاب 21:44

ڕووسیا ژمارەیەکی پێوانەیی مووشەکی ئاراستەی ئۆکراینا کردووه‌

100%

ڕووسیا لە مانگی تەمموزدا ژمارەیەکی پێوانەیی مووشەکی ئاراستەی ئۆکرانیا کردووە، ئه‌مه‌ش بەپێی شیکارییەکی ئاژانسی فرانس پرێس کە لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە ڕۆژانەیەکانی هێزی ئاسمانی ئۆکراینا ئاماده‌كراوه‌.

ئه‌مه‌ش لە کاتێک دایه‌ كه‌ کیێڤ فشاری زیاتری خستووه‌ته‌ سەر واشنتن بۆ ئەوەی یارمەتی بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی مۆسکۆ، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی چه‌كی به‌رگریی ئاسمانییه‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی ڕاپۆرته‌كانی هێزی ئاسمانی ئۆكراینا، سوپای ڕووسیا لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا 376 مووشەکی ئاڕاسته‌ی ئاسمانی كیێڤ و شاره‌كانی تری ئۆكراینا كردووه‌، كه‌ دوو هێندە زیاترە لەو مووشەکانەی کە ڕووسیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئاراستەی ئۆكراینای كردووه‌.

بەشێکی زۆری هێرشەکان کیێڤی پایتەختی ئۆکراینایان کردووه‌ته‌ ئامانج كه‌ تیایدا زیاتر دامه‌زراوه‌كانی مه‌ده‌نی و پیشه‌سازی و سه‌ربازیی به‌ ئامانج گیراون.

ڕوسیا لە مانگی تەمموزدا چەندین هێرشی بەرفراوانی دەستپێکرد، خراپترینیان شەوی دووەمی مانگی ته‌مووز بوو كه‌ لانیکەم 30 کەس کوژران.

شەوی هەینی رابردووش تا بەیانی ئه‌مرۆ شەممە، کیێڤ ڕووبه‌ڕووی هێرشێکی مووشەکی فراوان بوویه‌وه‌ كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ لانیکەم نۆ کەس کوژران .

هەروەها ڕووسیا  ته‌نیا لە مانگی تەمموزدا 4956 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری ئاراستەی ئۆکرانیا کردووه‌ کە بە ڕێژەی 14% کەمترە لە مانگی ڕابردوو.

لای خۆیەوە ئۆکراینا پشتڕاستی دەکاتەوە کە زۆرینەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیای پوچه‌ڵكردووه‌ته‌وه‌، ده‌شڵێن بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەکی بالیستی ڕووسی پشت بە دابینکردنی چەکی ڕۆژئاوا دەبەستن کە بە پلەی یەکەم مووشەکی پاتریۆتی ئەمریکییە.

چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ڕێگە بە ئۆکرانیا دەده‌ن ئەم مووشەکانە لە ناوخۆدا بەرهەمبهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی تێچووی كه‌متری له‌سه‌ر بكه‌وێت.

لەم دواییانەدا ئاڵوگۆڕی هێرشی دوور مەودای نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا زیاتر پەرەی سەندووە و لە ئەنجامدا ژمارەی قوربانیانی مەدەنی زیاتر بووە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.