هونەرمەند ڕەزای سەقایی، تەنها دەنگێک نییە، بەڵکو سیحرێکە و دووبارە نابێتەوە
دەوڵەمەندى فەرهەنگ و کەلتوور و زمان و هونەرى نەتەوەکەمان هەمیشە جێی شانازییە سەرەڕاى ئەو هەموو کەند و کۆسپ و داگیرکارى و سوتاندن و سڕینەوەى کورد لەسەر ئاو و خاکى خۆى، خۆشبەختانە بوێرى و قارەمانێتى و هەوڵ و تێکۆشانى ڕۆڵە دڵسۆزەکانى ئەم نەتەوە ژیان دۆستە کورد هەرزیندووە و بەزیندوێتى دەمێنێتەوە.
لەبوارى هونەرى موزیک و ئاواز و گۆرانی دا هەر پارچەو دەڤەرێکى کوردستان لێوان لێوە لە بەهرەى خۆشخوانى لە دەنگبێژ و بەیت بێژ و لاوک، هۆرە، سیاچەمانە و حەیران بێژ وهەروەها دەست و پەنجە ى زێڕینى ژەنیارانى پڕ بەخششى هونەریی، پشت بەستن بەو ڕاستییە هونەرمەند ناسرى ڕەزازى دەڵێت, " بەلامەوە سەیرە گەلێك زمانەكەی قەدەغە بكرێت و ڕێگری لە كەلتور و فەرهەنگی بكرێت و كیانی نەبێت و ژێر دەست بێت، بەڵام لە مێژوودا هەر بە زیندوویی بمێنێتەوە".
ئەمەش هۆكارەكەی بۆ زمان و مۆسیقاكەی دەگەڕێتەوە تەنها شتێك كە زمانی كوردی هێشتۆتەوە گۆرانی و موزیكی كوردییە.
هەرکاتێک باس لە هونەریی لوڕستان بکرێت و گۆرانى دایە دایە وەختى جەنگە بێتە بەرگوێمان ، بێشک ناوى هونەرمەندێکى مەزن و خاوەنى دەنگێکى ئەفسوناوى دێتە سەرزار كه ئهویش ڕەزاى سەقاييه، لەڕێی ئەو گۆرانییەوە و چەندین گۆرانیی دیکەى ئەو هونەرمەندەوە بەڕۆحمان ئاشنایە .
هونەرمەند ڕەزاى سەقایی ، یەکێکە لە دیارترین و هەڵکەوتوترین گۆرانیبێژانى لوڕستان، لەماوەى ژیانى هونەرییدا بەزەحمەت و ماندوبوونێکى زۆر لەڕێی دەنگە ئەهوراییەکەیەوە بۆتە ئەستێرەیەکى درەوشاوەى موزیک و گۆرانى لوڕستان، هونەرە شیرینەکەى سنوورى جوگرافیاى زێدەکەى ببەزێنێ نەک تەنها لەڕۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران دا بەڵکو لەباشوورى کوردستانیش کاریگەرى هەبێـت و هەوادارێکى بێ ئەندازە لەدەورى دەنگ و هونەرەکەى کۆبکاتەوە و چێژ لە دەنگە بەسۆزەکەى وەربگرن.
کەواتە دواى ئەو مێژووە پڕ بەخششە هونەرییە لەخۆڕا ناسناوى گەرووى زێڕین و سوڵتانى ئاوازى دیارى زاگرۆسى پێنەبەخشراوە.
هونەرمەند ڕەزاى سەقایی لەژیانێکى نەدارییەوە بۆ هونەرێکى باڵا ...!
ئاشکرایە لەباشوورى کوردستان دەنگ و هونەریی هونەرمەند ڕەزاى سەقایی بەهەست و سۆز و گوێی هەوادارانى موزیک و دەنگى ڕەسەنى نەتەوەکەمان ئاشنایە ، بەڵام لەبارى ژیانى کۆمەڵایەتى و تێکۆشان و زەحمەتى لەپێناو هونەرەکەیدا بێگومان لەلامان ڕۆشن نییەوە و تاڕادەیەک نازانین ئەو هونەرمەندە چۆن و لەکوێ لەدایکبووە و گەشەى بەهونەرە بەرزەکەى داوە .
بەپێویستم زانى بگەڕێم و زانیارى دروست لەسەر ئەو هونەرمەندە نەمرە ( ڕەزاى سەقایی) کۆبکەمەوە و بیخەمە بەردییەى خوێنەرانى ئازیز .
بیبلۆگرافیاى هونەرمەند ڕەزاى سەقایی...!
محەمەد ڕەزا ئەبولقاسمى سەقایی تەیمور عەلیدۆست، ناسراو بە ڕەزاى سەقایی لەڕێکەوتى 20ى فەروەردین 1318 ى هەتاوى بەرامبەر بە 10/4/1939 ى زاینى لە گەڕەکى کۆنى پشت بازاڕى شارى خوڕەمئاواى ناوەندی پارێزگای لوڕستان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەخانەوادەیەکى نەدار و زەحمەتکێش بەدنیا هاتووە ، هونەرمەند لە بنەماڵەى چەکخانە ى سەربەتیرەى سیلورزى لوڕستانە.
خانەوادەى هونەرمەند پێکهاتووە لە پێنج برا و چوار خوشکە ڕەزاى سەقایی یەکەم کوڕى خانەوادەکەیەتى.
لەناوەڕاستى چلەکانى سەدەى پێشوو ڕەزاى سەقایی خراوەتە بەرخوێندن ، تاپۆلى چوارەمى سەرەتایی بەردەوام بووە لەخوێندن ، بەڵام بەداخەوە دواتر لەبەر سەختى ژیان ، دەست بەردارى خوێندن بووە و ڕووىکردۆتە بازاڕو شانى داوەتە بەرکارکردن ، بۆتە شاگردى بەرگدروو لەلاى وەستا عەلى ئەکبەر فازلپوور ، لەدرێژەى کارکردنى لەپیشەى بەرگدروویی و ڕۆژانە لەگەڵ پیشەکەیی دەنگە خۆشە بەخششە پەروەردگاریەکەى نەشاردۆتەوە و گۆرانى خوێندووە .
ئەو بەهرەی دەنگخۆشییەى دەبێتە دڵخۆشکردنى هاوڕێی کار و گەڕەک و کوچەو کوڵان و لە باخەکانى خوڕەمئاوا گۆرانیان بۆ دەخوێنێ و ئەوانیش زیاتر هانى دەدەن کە گۆرانى بخوێنێ ، یەکێک لەو کەسایەتیانەى لەو تەمەنەدا هاوکار و پشتیوانى دەبێـت ( هۆشەنگى سەقایی) براى دەبێت.
دەستگرتنى ئەو دەنگە ئەفسوناویە و خوێندنى گۆرانى ..!
لەگەڵ کارو پیشەکەیی و خوێندنى گۆرانى بەهەست و سۆزێکى گەنجانەى عاشق بە موزیک و گۆرانى زیاتر لەلاى ئەو ژینگەیەى تێدا ژیان دەکات دەناسرێت و خۆشیان دەوێت ، لە خوڕەمئاوا لە قەڵاى فەلەک ئەلئەفلەک یەکێک لەناودارترین شوێنەوارى دێرینى ئەو شارەیە و بارەگاى سوپا تێدا دانراوە، لەناو ئەو قەڵایە ڕادیۆى بێ سیم ڕۆژانە پەخشى ڕادیۆیی کردووە ، بێژەرى ڕادیۆى ناوبراو محەمەد ڕەجان ، محەمەد ڕەزا سەقایی دەنگخۆش و بەهرەمەند دەدۆزێتەوە دەیباتە ڕادیۆ و گۆرانى دەخوێنێ.
ئەوە دەرفەتێکى زیاتر و ڕێگا کراوە لەبەردەم ڕەزاى سەقایی دەبێـت تا زیاتر هەنگاو بەرەو دنیاى هونەر هەڵبگرێـت .
ڕەزاى سەقایی لەتەمەنى 25 ساڵیدا ، واتە ساڵى 1964بەهەوڵ و تێکۆشانى نووسەر و بەڕێوەبەرى ڕۆشنبیریی و هونەری لوڕستان حەمیدئیزەدپەنا بەهاوکارى هونەرمەندى کەمانچەژەن عەلى خانى شەفایی یەکەم گۆرانى لوڕى بەناوى بزەران لەڕادیۆ بۆ تۆماردەکەن ...
بزەران ئەى بزەران بوو ئەزیزەکەم
میوەى ڕەنگاو ڕەنگ سەرپایزەکەم
دواتر ئەو گۆرانییە هونەرمەند تایەرى خەلیلى لەساڵى 1984 لەشارى سلێمانى خوێندوویەتى بەهەمان میلۆدیی و زمانى لوڕى ، تایهری خهلیلی زادهی ناوچه دهوڵهمهندهكهی موكریانهو ئایا دهبێ هۆكار چ بێ ههوڵی داوه گۆرانی به زاراوهی لوڕی بخوێنێ ؟!.
دەربارەى خوێندنى ئەو گۆرانییە هونەرمەند تایەرى خەلیلى وتویەتى ئهو ناوچهیه زۆر دڵگیر و دهوڵهمهندن لهباری هونهرهوه دهنگخۆشیان زۆرهو و زۆر سهرسامم بهدهنگ و هونهری ڕهزای سهقایی و حیشمهت لوڕ نهژاد 1947_ 16/9/1995 لهخۆشهویستی دهنگی ئهوانهوه من گۆرانی لوڕیم وتووه ، هیوادارم چاكم وتبێ، ویستوومه لهوهونهرهدا جێ پهنجهم دیاربێ و دهخالهتم لهفهرههنگیان نهكردووه بهڵام ویستوومه خزمهت بههونهرهكهیان بكهم.
دواى بڵاوبوونەوەى یەکەم بەرهەمى هونەرمەند ڕەزاى سەقایی لەڕێێ دەنگە خۆشەکەیی و شێوازى وتنى سەرنجى دەوربەر و هەوادارانى بۆ خۆى ڕاکێشاوە ، لەهەمان ساڵدا واتە لەمانگى چوارى ساڵى 1969 دووبارە بەهەوڵ و خەمخۆریی بەرپرسى فەرهەنگ و هونەریی لوڕستان حەمیدئیزەدپەنا بەهاوکارى موزیکژەنان حوسێن سالم _ کەمانچە و مەنسوور سالم _ تومبەک چەند گۆرانییەکى دیکەى وەک حالوه گنم خره _ گەنم خڕە لەهۆنراوەى نورى سەلاحوەرزى ، کوش طلا _ کەوش تەڵا، قەدەم خێر،سیت بیارم و مەریەم مەریەم لە ستۆدیۆى نەتەوەیی ڕادیۆى ئێران بۆ تۆماردەکەن، حەمید ئیزەدپەنا جیالەهاوکارى بۆ تۆمارکردنى گۆرانییەکان هەربۆخۆشیی سەرپەرشتى هۆنراوەى گۆرانییەکانیشى کردووە، بەهرەو تواناى هونەرمەند ڕەزازى سەقایی زیاتر دەرکەوت و شکۆمەندییەکى بەرزى بە گۆرانى لوڕى بەخشى.
لەساڵى 1965 هونەرمەند ڕەزاى سەقاى دەبێتە هونەرمەندێکى ناودار و گۆرانیبێژێکى ناسراوى لوڕستان و کوردستان و ئێران بەگشتى ، لەهەموو بۆنەو ئاهەنگێک بەدەنگە خۆش و گۆرانییە ناوازەکانى لە شار و ناوچەى لوڕستان بەشدارى کردووە .
هونەرمەند ڕەزاى سەقایی گەشتەکەى بۆ تاران...!
بەمەبەستى خۆ دەوڵەمەندکردن و فێربوونى زیاتر لەبوارى چڕینى ئاوازى بەسۆز و زانیارى وەرگرتن لە گۆشە و پلەکانى موزیک ، لەساڵى 1971 هونەرمەند ڕەزاى سەقایی ڕوو دەکاتە شارى تاران و دەچێتە فێرگە هونەرییەکەى هونەرمەند ئیسماعیل میهرتاش دواى وەرگرتنى چەندین وانە لەسەر دەستى ئەو مامۆستا هونەرمەندە، لەکۆتاییدا ڕەزامەندى و پەسەندى مامۆستاکەى ئیسماعیل میهرتاش بەدەست دێنێت.
لەو ماوەیەدا کەلە شارى تاران ژیاوە ، لەنزیکەوە بەدیدارى هونەرمەندى ژەنیار و ئاوازدانەر موجتەبا سەیدتەقى میرزادە ناسراو بە موجتەباى میرزادە 17/3/1945_17/7/2005 شاد دەبێـت، میرزادە لەنزیکەوە بەدەنگ و گەروو و تواناى لێهاتوویی لەگۆرانى گوتنى سەقایی دڵخۆش و سەرسام دەبێـت.
دواى ئەوە هەوڵ و تێکۆشانە هونەرییەکانى هونەرمەند ڕەزاى سەقایى بەیارمەتى موزیکژەنانى ناودار بەردەوام دەبێت و پێشکەوتنى زیاتر بەخۆوە دەبینێ، لەساڵى 1971 ڕەزاى سەقایی بەرهەمێکى ناوازە بەناوى تفەنگ بڵاودهكاتهوه..
تفەنگ حەیفە کە ئاهوو بە کوشى ئاهوو قەشەنگە
تفەنگ حەیفە بەکوشى کەوگ کێوهى ڕەنگ و ڕەنگە
تەفەنگ بەزە وە ئەو دز فەرارى
تفەنگ جا گولەکەت سینە پەلەنگە
تفەنگ دەردت وە جوونەم ، تفەنگ بى تو نەموونەم
دواى ماوەیەک لەساڵى 1974 بەرهەمێکى دیکە بەناوى داڵکێ لەهۆنراوەى حیشمەتوڵڵا شەفیا و لەئاوازى خۆى تۆماردەکات ، بەهاوکارى هونەرمەندان فەرەج عەلیپوور _ کەمانچە ، غوڵام مرداى _ تار و فەرەیدون عەلیپوور _ تومبەک .
لەساڵى 1975 گۆرانییەکى دیکە بەناوى زیندەگى _ ژیان تۆماردەکات ، تێکستى ئەو گۆرانیە خاتوو هوما میرەفشار بەفارسى نووسراوە، لەلایەن دڵسۆزو خەمخۆرەکەى هونەرمەند سەقایی حەمیدئیزەدپەنا وەرگێڕدراوەتە سەر زمانى لوڕى.
ئەو گۆرانییە ڕەزاى سەقایی ئەوەندە بەهەست و سۆزو عەشقێکى بێ وێنەوە خوێندوویەتى عەبدولوەهاب شەهیدى ئاوازدارنەرى گۆرانییەکەى سەرسام کردووە ، دواى ئەو بەرهەمانە ڕەزاى سەقایی گۆرانییەکى دیکە تۆماردەکات بەناوى ئاسمان لەهۆنراوەى عیزەت فولاوەند و لەئاوازى خۆى ، ئەم بەرهەمەشى بۆتە شاکارێکى باڵا لەناو موزیک و ئاواز و گۆرانى لوڕ.
یەکێکى دیکە لەبەرهەمە هونەرییە ناوازە و داستانییەکانى ناوچەى لوڕ گۆرانى دایە دایەيه ..
( دایە دایە ڤەخت جەنگە ، قتارکێ باڵاى سەرم پوریش د شەنگە )
ئەم گۆرانیە دەتوانرێت لەخانەى سروود یشدا چاولێبکرێت ، چونکە گێڕانەوەى ڕووداو کارەسات و بەرەنگاربوونەوە و قارەمانێتى گەلێکە بەرامبەر داگیرکارى ، ئەم گۆرانییە و ڕەزاى سەقاى بوونەتە دوو سمبولى دیار و ناوازە لەمێژووى خەبات و هونەریی لوڕستان دا .
لە ساڵی 1987 ناوەندی مۆسیقا و گۆرانیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێران، پاش ڕاپرسییەک لە سەر زیاتر لە هەزار ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ، مۆسیقاژەن و توخمە دیارەکانی تری مۆسیقا و کەسانی فەرهەنگ و هونەر، گۆرانی (دایە دایە) ی مامۆستا ڕەزا سەقایی خستە لیستی بەرهەمە بەرزەکانی مۆسیقای نەتەوەیی ئێران.
دەربارەى بەها و بەنرخى گۆرانى دایە دایە ، گەیشتمە ئەو خوێندنەوەیە ...
گۆرانی درێژخایەنی دایە دایە بە دەنگی نەمری ڕەزا سەقایی تەنیا بەرهەمێکی مۆسیقی نییە؛ ئەم سروودە داستانییە ڕەگ و ڕیشەی لە بەرخۆدانی خەڵکی لوڕستان لە بەرامبەر هێزە بیانییەکاندایە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا.
گۆرانی "دایه دایه ڤەخت جه نگه" یه کێکه له پارچە ناسراوهکانی مۆسیقای فۆلکلۆری ئێران که به نمایشی یادگاری خوالێخۆشبوو ڕەزاسەقایی ناوبانگێکی بەربڵاوى به ده ست هێنا، بەدرێژایی ساڵان ئەم پارچەیە چەندین جار لە بۆنە نەتەوەییەکان و مەراسیمە فەرمییەکان و بەرهەمە تەلەفزیۆنی و فیلمەکاندا بەکارهاتووە و بووەتە هێمای بەرخۆدان و نیشتمانپەروەری.
لێکۆڵینەوە مێژووییەکان دەریدەخەن کە ڕەگ و ڕیشەی ئەم گۆرانییە بۆ زیاتر لە 100 ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی جیهانی یەکەم، کە بەشێک لە ئێران ڕووبەڕووی بوونی هێزەکانی ڕووسیا و بەریتانیا بوون و خەڵکی لوڕستانیش بەرەنگاری داگیرکەر دەبوونەوە.
لەو ساڵانەدا ئەم سروودە لە نێو خەڵکی لوڕ وەک بەرهەمێک بۆ پتەوکردنی مۆڕاڵی تێکۆشەران و دروستکردنی تەبایی دەوترێتەوە و وردە وردە لە فەرهەنگی زارەکیی ناوچەکەدا جێگایەکی تایبەتی بەدەستهێنا.
بە پێی گێڕانەوە ناوخۆییەکان، هەندێک کەسایەتی ڕاستەقینەش ئیلهامبەخش بوون بۆ دروستبوونی بەشەکانی ئەم گۆرانییە، لە نێویاندا ناوی نازی خانم بەیرانوەند و نازی خانم سێکۆند بوون، کە ئەوکات ژنە ناسراو و کاریگەرەکانی لوڕستان بوون و لە هەندێک گێڕانەوەدا ئاماژەیان پێکراوە.
مایشی ڕەزا سەقایی بە هاوڕێیەتی ئامێری کەمانچە، وایکرد (دایە دایە وەقت جەنگە) لە سنوورەکانی لوڕستان دەربچێت و ببێتە یەکێک لە بەرهەمە هەرە بەردەوامەکانی مۆسیقای داستانی ئێران.
دوای ئەویش گۆرانیبێژانی دیکە لەوانەش حیشمەتوڵڵا ڕەشیدی ئەم بەرهەمەیان پێشکەش کرد.
ئه مڕۆ "دایه دایه وه ڤەقت جه نگه " به بەشێک له شوناسی فه رهه نگیی گه لی لوڕ داده نرێت، جگه له به ها موزیکیەکەى، وه ک یه کێک له بەرهەمە گرنگه کانی مۆسیقای ناوچه یی ئێران ده ناسرێت. هەروەها ئەم گۆرانییە لە لیستی میراتە فەرهەنگییە نامەعنەوییەکانی وڵاتدا تۆمار کراوە و بەردەوامە لە بیرهێنانەوەی نەوەکانی بەرخۆدان و بوێری و بەرگریکردن لە خاک.
ئەو ئاوازە ئەوەندە شیرین و هەست بزوێنە ، لەدانیشتنێکى هونەریانەى نێوان هەردوو حەسەن زیرەک و ڕەزاى سەقایی پێکەوە ئەو گۆرانى (دایە دایە) دەخوێنن ، سەقایی بەزمانى لوڕى (دایە دایە) و زیرەکى نەمريش بە زمانى سۆرانى لایەلایەت بۆدەکەم دهخوێنێ.
گۆرانى ناوبراو لە ساڵی 2007 (دایە دایە وەقت جەنگە) لە ئامادەکردنى هونەرمەند موجتەباى میرزادە و خوێندنى ڕەزاى سەقایی، وەک یەکێک لە بەرهەمە بەرز و بەردەوامەکانی سەد ساڵی ڕابردووی مۆسیقای ئێران تۆمار کراوە.
دواى ناسین و ئاشنابوونى ڕەزاى سەقایی بە دەست و پەنجەى کەمانچە ژەنە ئەفسوناوى یەکەى کورد موجتەبا میرزادە ، میرزادەى هونەرمەند لەساڵى 1977 بەهاناى سەقاییەوە دێت و مەبەستیەتى بەهەستە هونەرییە جوانەکەى خزمەتێک بە دەنگ و هونەرى ڕەزاى سەقایی بکات ، بەشێوەیەکى ئەکادیمى و بەشێوازێکى هونەریی بەرز و موزیکێکى نوێ بەرهەمە هونەرییەکانى وەک ( داڵکێ ، تەفەنگ ، قەدەم خێر و دایە ) بۆ تۆماربکاتەوە .
ئەو بەرهەمانە بەناوى (مۆتۆرچى) بڵاو دەکرێنەوە لەئامادەکردن و دابەشکردنى موزیک لەلایەن هونەرمەند موجتەباى میرزادە .
ساڵى 1997 هونەرمەند موجتەباى میرزادە بەرهەمى موتورچى بۆ هونەرمەندى لوڕستان ڕەزا سەقایی ئامادەدەکات، ئەم بەرهەمە هەتا لەناو فارسەکانیش ناوبانگێکى زۆرى پەیداکرد، میرزادە لەم بەرهەمەدا جیاواز کاردەکات موزیکى ڕۆژهەڵاتى و کلاسیک تێکەڵ دەکات ، کاتێک گوێت لەئامێرى کەمانچەکەى دەبێت، واهەست دەکەیت لەلادێ یەک دایت، کاتێکیش گوێت لەموزیکە کلاسیکییەکە دەبێت واهەست دەکەیت لەشار و لەکەشێکى زۆر ڕۆژئاواییت ، بەرهەمەکەى هونەرمەند ڕەزا سەقایی چەند گۆرانییەکى تێدابوو کەهەریەکەیان هەستێکى تایبەتى تێدا یە بەتایبەت گۆرانییەکانى ( موتورچى ، بزەران و تفەنگ ) دەنگدانەوەى ئەو بەرهەمە واى کرد زۆر قسە نووسینى لەسەربکرێ.
هونەرمەند ڕەزاى سەقایی و دابڕانى لەچڕینى ئاوازو گۆرانى ..!
سەقایی هونەرمەندێکى دیار و سادەو ساکار و خۆشەویستى نێو خەڵک و هەوادار و شار و ناوچەکەى بووە، بەردەوام لەخەم و شادییەکاندا هاوسۆزو هاوخەمى خەڵکەکەى بووە.
بەداخەوە سەقایی خاوەن دەنگى بەسۆز تاکۆتایی ژیانى بەڕەبەنى ماوەتەوە و ژیانى هاوسەرگیرى پێک نەهێناوە، لەساڵى 1978 بەهۆى ئەنجامدانى نەشتەرگەریی لەوزەتێن بەهەڵە بۆ هونەرمەند، لەساڵى 1979 بەدواوە ئەو گەرووە ئاڵتوونیە ئەهوراییە بۆ هەمیشە کپ دەبێـت و چیتر ناتوانێ دەنگ هەڵبڕێ و وەک جاران تێبچریکێنێ و گۆرانى بخوێنێ ، خۆشەویستان و هەوادارەکانى بۆى بەپەرۆش دەبن ، بەڵام خۆشەویستى و ڕێزیان بۆ کەسایەتى و هونەرەکەى سەقایی کاڵ نابێتەوە و ڕۆژ بەرۆژ بەحورمەتەوە لێی دەڕوانن و زیاتر ڕێزى دەگرن.
جێى داخە بەهۆى جەنگى نێوان هەردوو وڵاتى عێراق و ئێران ماوەى هەشت ساڵ جەنگێکى ماڵ وێرانکەر لەنێوانیاندا بەرپابوو ، کە بەڕێژەیەکى زۆر خەڵک بوونە سووتەمەنى ئەو جەنگە نەگریسەو ناوچەى لوڕستانیش بووە مەیدانى ئەو جەنگە ، لەکۆتاییەکانى جەنگى عێراق ئێران ، لەساڵى 1987 بەهۆى بۆردومانکردنى شارى ئەزنە لەلایەن فڕۆکەکانى حیزبى بەعسى عێراقییەوە ، پارچەى بۆمب بەرجەستەى هونەرمەند ڕەزاى سەقایی دەکەوێت و بەسەختى بریندار دەبێـت ، ئەوەش زیاتر کاریگەرى لەسەرجەستە وهەستە هونەرییەکەى دەکات .
لە مانگی یەکی ساڵی 2003 دوای چارەکە سەدەیەک لە بێدەنگی و لەدەستدانى ژێیەکانى گەرووى بەهۆى نەشتەرگەریی هەڵەو برینداربوونى بەهۆى بۆمبەوە لە دواى ڕوودانى کارەساتى سرووشتى بوومەلەرزە لەشارى بام بۆمەبەستى دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمیى بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و یارمەتیی بۆ هاووڵاتییە زیانلێکەوتووەکانى ئەو کارەساتە ماڵوێرانکەرە ، بۆ چەند خولەکێک چۆتە سەر شانۆ گۆرانى مۆیە ى خوێندووە، بەداخەوە ئەو هونەرمەندە دواین ساڵەکانى ژیانى لەبێدەنگیدا بەسەردەبات ، ئەوەش ئازارێکى کوشندەیە و داڕمانى ڕۆحى یە سەرەڕاى ئازارەکانى جەستەى.
لەڕێکەوتى 10/3/2007 هونەرمەند ڕەزاى سەقایی ، لەشارى کەرەج دووچارى جەڵتەى مێشک دەبێـت و بۆماوەى 10 ڕۆژ لەنەخۆشخانەى شەهید ڕەجایی لەژێر چاودێرى پزیشکدا دەمێنێتەوە، پاشان دەیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەى شەهیدانى کۆچەرى لە خوڕەمئاوا، لەوکاتەوە بۆ ماوەى سێ ساڵ نیو ، یەکێک لەخوشکەکانى بەناوى ( ماه دەوڵەت) ژیانى خۆى تەرخان دەکات بۆ خزمەتکردن و چاودێرى برا هونەرمەندەکەى لەگۆشەى ماڵەکەى خۆیدا.
هونەرمەند ڕەزاى سەقایی لەماوەى ئەو سێ ساڵ نیوەدا ، حەوت جار لەنەخۆشخانەى شەهیدانى کۆچەرى و 3 جاریش گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەى ساسان لەشارى تاران لەژێر چاودێرى پزیشکدا ماوەتەوە.
خۆشەویستى و ڕێزو بەرزى هونەرەکەى بەردەوام خەڵکى خوڕەمئاوا بەگشتى و هاوڕێیان و ئازیزانى سەردانیان کردووە و بەدیدارەکانیان ئازارەکانى هونەرمەندیان کەم کردۆتەوە، دواین جار ماوەى 9 ڕۆژ لە نەخۆشخانەى ساسان لەژێر چاودێرى چڕدا ماوەتەوە ، بەداخەوە دواى بەسەربردنى 71 ساڵ تەمەن، لە 27ى تیرى 1389 ى هەتاوى ،( 18/7/2010ى زاینى ) ڕۆژى یەک شەممە لەشارى تاران ئەفسانەى موزیک و ئاوازو گۆرانى لوڕى ڕەزاى سەقایی کۆچى دوایی دەکات .
دواتر تەرمەکەى لەتارانەوە دەگوازنەوە بۆ زێدەکەى خۆى خوڕەم ئاوا بەئامادبوونى جەماوەرێکى زۆر لەهەواداران و هونەرمەندان و نووسەران و ئازیزانى بەدەم دووپاتە کردنەوەى گۆرانى ( دایە دایە ) لە گۆڕستانى بەشى هونەرمەندانى زێدەکەى خۆى خوڕەمئاوا بەخاکى پیرۆزى کوردستانى دەسپێرن
کۆچکردوو سەقایی یەکێکە لە ئەستێرە درەوشاوەکانی مۆسیقای لوڕستان، جگە لە دەنگی ڕوون و ئاوازە دەوڵەمەندەکانی و شارەزایی تایبەتی لە مۆسیقای ناوخۆیی و ناوچەییدا، هەروەها پابەند و سۆزدار بوو بۆ زێدی خۆی، دەنگی بێ تەقلیدییە و هەموو لۆڕستان قەرزاری دەنگی ئەم هونەرمەندەن و هەمووان خۆشیان دەوێت بەهۆی سادەیی و پاکی و ڕاستگۆییهوه.
جەمال عومەر - جەمالى دەلاک / سلێمانى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.