Erbil 31°C پێنجشەممە 30 تەمووز 08:22

بەرپرسێكی ئەمریكی: لە هێرشەكەی ئەمریكا و سعوودییە بۆ سەر حەشدی شەعبی 20 راوێژكاری ئێرانی كوژراون

کوردستان TV
100%

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئەمریكی ئاشكرای دەكات، لە هێرشە هاوبەشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەمریكا و سعوودییە بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، نزیكەی 20 راوێژكاری ئێرانی كوژراون، لای خۆشییەوە سوپای پاسداران دەڵێت تەنیا پێنج ئەنداممان كوژراون.

رۆژنامەی (نیۆیۆڕك تایمز) لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمریكی گواستوویەتییەوە: هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و سعوودییە لەناو خاكی عێراق كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامدران، بوونەتە هۆی کوژرانی نزیكەی 20 ڕاوێژکاری ئێرانی.

ئەو بەرپرسەی كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشکرا بكرێت ئاماژەی بەوە داوە، ئەو شوێنانەی لە عێراق کراونەتە ئامانج بە مەبەست هەڵبژێردراون، بۆ ئەوەی تواناكانی حەشدی شەعبی بۆ هەڵدان و تەقاندنی مووشەک و ڕاهێنانی دڕۆن پەك بخرێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریکا و سعوودییە هێرشێكی ئاسمانی هاوبەشیان کردە سەر چەند ئامانجێكی گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لەناو خاكی عێراق، وەک وەڵامێک بۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی كە کرابوونە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودییە.

لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو كە لە ئەنجامی هێرشەكان پێنج راوێژكاریان لەناو بارەگاكانی حەشدی شەعبی لەناو خاكی عێراق كوژراون، هەروەها وێنەی هەر پێنج راوێژكارەكەی بڵاو كردبووەوە.

بەپێی دوایین ئەو ئامارانەی دەستەی حەشدی شەعبی بڵاوی كردۆتەوە، هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 20 ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی و برینداربوونی 32ی دیكە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.