پسپۆڕان پێشبینی دەکەن ژیریی دەستکرد لە 5 ساڵی داهاتوودا گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کەرتی دارایی و سیستەمی ئەمنیی وڵاتاندا دروست بکات.
لە توێژینەوەیەکی بەرفراواندا کە لەلایەن پەیمانگەی ماساتشوستس بۆ تەکنەلۆژیا (MIT) و زانکۆی کوینزلاند ئەنجامدراوە و 272 پسپۆڕی بواری ژیریی دەستکرد تێیدا بەشداربوون، مەترسیدارترین ئەو هەڕەشانە دەستنیشان کراون کە لە نێوان ساڵانی 2025 بۆ 2030 ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە.
لە کۆی 24 هەڕەشەی جیاواز، پسپۆڕان 5 سیناریۆی سەرەکییان وەک مەترسیدارترین ئەگەرەکان دیاری کردووە:
1. سیستەمە خاوەن تواناکانی دەرەوەی کۆنترۆڵ: پەرەپێدانی ژیریی دەستکرد کە خاوەن توانای مەترسیداربن (12%).
2. چەک و هێرشی ئەلیکترۆنی: بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ هێرشی فراوان و چەکداری (12%).
3. زیانە ژینگەییەکان: کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەرەپێدانی ئەم سیستەمانە لەسەر ژینگە (12%).
4. نایەکسانی و بێکاری: زیادبوونی جیاوازیی چینایەتی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری (11%).
5. قۆرخکاریی دەسەڵات: کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و دابەشبوونی نادادپەروەرانەی سوودەکانی ژیریی دەستکرد (11%).
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە سێ کەرتی سەرەکی ڕووبەڕووی مەترسی گەورە دەبنەوە:
- کەرتی زانیاری: بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ساختە (Deepfake) و تێکچوونی متمانە بە زانیارییەکان.
- ئاسایشی نیشتمانی: زیادبوونی سیخوڕی و هێرشی ئەلیکترۆنی لەلایەن لایەنە دژبەرەکانەوە.
- کەرتی دارایی: زیادبوونی فێڵ و تەڵەکەبازی و دەستکاریکردنی بازاڕەکان کە دەبێتە هۆی پەککەوتنی ئابووری.
بەرپرسیارێتی و پاراستن: شارەزایان ئاماژە بە مفارەقەیەک دەکەن؛ پەرەپێدەرانی ئەم تەکنەلۆژیایە بەرپرسیارن لە کەمکردنەوەی هەڕەشەکان، بەڵام بەکارهێنەرانی ئاسایی و دامەزراوەکان قوربانیی یەکەمی زیانەکانن. بۆیە، ئامۆژگاری کۆمپانیا و دامەزراوەکان دەکرێت کە چاوەڕێی دەرچوونی یاسا و ڕێساکان نەکەن، بەڵکو لە ئێستاوە مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد بخەنە ناو ستراتیژییەکانی پاراستنی ئاسایشی خۆیانەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.