Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 23:51

ئەڵمانیا بەردەوامە لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانی

100%

حکوومەتی ئەڵمانیا ڕۆژی سێشەممە (28ی تەممووزی 2026)، لە ڕێگەی گەشتێکی ئاسمانیی تایبەتەوە (Charter)، 31 هاووڵاتیی ئەفغانی لە فڕۆکەخانەی "لایپزیگ"ەوە بەرەو کابولی پایتەختی ئەفغانستان گەڕاندەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی، 30 کەس لەو کۆچبەرانەی دیپۆرت کراونەتەوە، پێشتر لە لایەن دادگاکانی ئەڵمانیاوە بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جیاوازەوە سزادراون و پێشینەی "کێفەرییان" هەبووە، لە کاتێکدا یەکێکیان بەبێ هەبوونی پێشینەی تاوان نێردراوەتەوە.
وەزیری ناوخۆی فیدراڵیی ئەڵمانیا، لە لێدوانێکدا جەختی لەسەر توندکردنەوەی ڕێکارەکان کردەوە و ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ناردنەوەی کۆچبەران بۆ ئەفغانستان "بە شێوەیەکی بڕیارلێدراو و قەتعی" بەردەوام دەبێت. وەزیر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەڵمانیا دروست دەکەن، "هیچ ئاسۆ و هیوایەکیان بۆ مانەوە لەم وڵاتەدا نییە."

ئەم هەنگاوە نوێیەی ئەڵمانیا وەک وەڵامێک بۆ نیگەرانییە ئەمنییە ناوخۆییەکان دەبینرێت، بەتایبەتی دوای تێوەگلانی ژمارەیەک کۆچبەر لە کردەوەی توندوتیژیدا. چاودێرانی سیاسی دەڵێن ئەڵمانیا دەیەوێت پەیامێکی ڕوون ئاراستەی پەنابەران بکات کە پابەندنەبوون بە یاسا و تێکدانی ئاسایش، دەبێتە هۆی لەدەستدانی مافی مانەوە و دیپۆرتکردنەوەی دەستبەجێ.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشتر نیگەرانییان دەربڕیبوو لە ناردنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتانی وەک ئەفغانستان، بەڵام حکوومەتی ئەڵمانیا پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیانی خۆی خستووەتە پێشینەی کارەکانییەوە.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.