Erbil 31°C سێشەممە 28 تەمووز 21:52

لە ماڵی بەرپرسێکی پێشووی سەڵاحەدین دەست بەسەر زیاتر لە 2 ملیار دیناردا گیرا

100%

دەستەی دەستپاکی فیدراڵی ڕایگەیاند، کە توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاشدا بگرن لە ناو ماڵی بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاریی پارێزگای سەڵاحەدین، کە ئێستا بەهۆی لێکۆڵینەوەوە دەستبەسەرە.

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمێکی نووسینگەی سەڵاحەدین بەپێی فەرمانی دادوەر پشکنینیان بۆ ماڵی تۆمەتبارەکە کردووە. لە ئەنجامدا توانرا دەست بەسەر 2,500,000,000 (دوو ملیار و پێنجسەد ملیۆن) دیناردا بگیرێت. هەروەها پڕۆسەکە بووەتە هۆی ئاشکراکردنی 6 موڵک (خانووبەرە) لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکاندا، کە بە ناوی هاوسەری تۆمەتبارەکەوە تۆمار کراون.

بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاری، لە ئێستادا بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادان ڕاگیراوە. تۆمەتەکەی پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ناوبراو لە ڕێگەی بەشی ژمێریاریی پارێزگاکەوە، چەکی بانکیی لە بانکی "ڕافیدەین" ڕاکێشاوە بەناوی خەرجکردنی شایستە و جیاوازیی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام پڕۆسەی خەرجکردنەکە لە ڕێگەی پسووڵەی ساختە و بێبنەماوە ئەنجام دراوە.

تیمی دەستەی دەستپاکی کۆنووسێکی فەرمییان بۆ تەواوی پارە و مڵکە دۆزراوەکان ڕێکخستووە و ڕادەستی دادوەری لێکۆڵینەوەی پەیوەندیداریان کردووە، تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان لەو بارەیەوە تەواو بکرێن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.