لە قەزای کەلار هاووڵاتییەک لەناو مزگەوتی تەقوا بریندار کراو دواتر لە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا، گوتەبێکی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە و تاوانبار دەگیرێت
ئەمڕۆ یەکشەممە عيقید سۆران محەمەد غەریب گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: ئەمشەو لە مزگەوتی تەقوای قەزای کەلار تەقە لە هاووڵاتییەک کرا و بەسەختی بریندار کرا، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار گیانی لەدەست دا.
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، هاووڵاتییەکە ناوی (کەرەم ئیبراهیم ڕەمەزان)ە و لەدایکووبی 1963ـیە و بەگوێرەی زانیارییەکانیش هۆکاری پشت ڕووداوەکە کۆمەڵایەتییە.
سۆران محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە ناسراوە و لە ئێستادا مەفرەزەیەکی لێکۆڵەرانی پۆلیس چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێکردووە، هەروەها گوتیشی، لە ئێستادا تیمەکانیان سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاری زیاترن و لە هەوڵی دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.