Erbil 31°C ھەینی 24 تەمووز 18:29

تاران هۆشداری تووند دەداتە وڵاتانی ناوچەکە

100%

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی هەینی (24ی تەممووزی 2026) ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هەر دەوڵەتێک بە بەرپرسیار دەزانێت کە "بەشداری، هاوکاری، یان پشتیوانی" هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران بکات، و جەختی کردەوە کە تاران مافی وەڵامدانەوەی بۆ خۆی پاراستووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە میانی وتارێکیدا لە وڵاتی قیرغیزستان، کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی شانگهای بۆ هاوکاری (SCO) لەوێیە، ڕایگەیاند: "هەر جۆرە بەشداری، هاوکاری یان مساندەکردنی ئەمریکا لە ئەنجامدانی کارێکی دوژمنکارانە دژی ئێران، دەبێتە هۆی دروستبوونی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو لایەنانەی تێوەگلاون."

عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران "مافی ئەوەی هەیە هەموو ڕێکار و هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرگری لە خۆی بگرێتە بەر" لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری. ئەم لێدوانە وەک هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەو وڵاتانەی ناوچەکە لێک دەدرێتەوە کە میوانداریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەن یان ئاسمانی وڵاتەکەیان بۆ فڕۆکە جەنگییەکان کردووەتەوە.

ئەم پەرەسەندنە نوێیە لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا شەوی ڕابردوو 13هەمین شەوی یەک لەدوای یەکی بۆردومانەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئێران تەواو کرد، کە تێیدا چەندین ناوچە لە پارێزگای خوزستان و کەناراوەکانی کەنداوی گرتەوە. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی تاران، تەنها لە هێرشەکەی سەر ئەهوازدا 4 کەس کوژراون.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە هەڕەشەکانی عێراقچی ئاراستەی ئەو هاوپەیمانانەی ئەمریکایە کە لە ناوچەکەدا جێگیرن، وەک هەوڵێک بۆ فشارخستنە سەریان تاوەکو ڕێگری بکەن لە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانیان بۆ لێدانی ئێران. ئەمەش مەترسیی فراوانبوونی بازنەی ململانێکان بۆ وڵاتانی دراوسێ زیاتر دەکات، لە کاتێکدا کە بارگرژییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.