گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە پڕۆسەی ناونووسینی ئەلیکترۆنی بۆ وەرزی حەجی ساڵی 2027 بەردەوامە و تەنها لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا، پێشوازییەکی زۆر لەلایەن هاووڵاتییانەوە کراوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا نزیکەی 8,000 کەس لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنییەوە ناوی خۆیان تۆمار کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کە پڕۆسەکە تاوەکو کاتژمێر 12:00ی شەوی چوارشەممە، ڕێکەوتی 5ی ئابی 2026 بەردەوام دەبێت و تاوەکو ئێستاش پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی و بەبێ گرفت بەڕێوە دەچێت.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی حەج و عومرە جەختی کردەوە کە "دەروازەی حەج" خزمەتگوزارییەکی ئەلیکترۆنیی نموونەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. ئەم پڕۆژەیە لە ژێر چاودێریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم، بە شێوەیەکی "خۆڕایی" و بێ بەرامبەر خراوەتە خزمەت هاووڵاتییان، تاوەکو بە دوور لە ململانێ و بە شێوازێکی دادپەروەرانە ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.