دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەیەکی بێپێشینەی ئاراستەی ئێران کرد و ڕایگەیاند، لەمەودوا هەر هێرشێک بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بە لێدانی ئامانجە خزمەتگوزارییەکانی ناو جەرگەی تارانی پایتەخت وەڵام دەدرێتەوە.
لە پەیامێکی تونددا کە لە هەژماری فەرمیی خۆی بڵاویکردەوە، ترەمپ جەختی کردەوە کە "هەر کاتێک ئێران تەقە لە کەشتییەک بکات لە گەرووی هورمز، جا بە موشەک بێت، یان درۆن یان هەر چەکێکی دیکە، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک پەرچەکردار یەک 'پرد' یان یەک 'وێستگەی کارەبا' بۆردومان دەکات و وێرانی دەکات."
سەرۆکی ئەمریکا بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هێرشانەی ئەمریکا تەنها بنکە سەربازییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو پرد و وێستگانەی کارەباش دەگرێتەوە کە لە ناو شار یان لە تەنیشت تارانی پایتەخت هەڵکەوتوون. ئەم لێدوانە وەک گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە هاوکێشەی ململانێی نێوان هەردوو وڵاتدا دەبینرێت، چونکە بۆ یەکەمجارە واشنتۆن بە فەرمی هەڕەشەی لێدانی ژێرخانی پایتەختی ئێران دەکات.
ئەم هەڕەشانەی ترەمپ تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە هێزەکانی ئەمریکا 10 ڕۆژی بەردەوام لە بۆردومانی بنکە سەربازییەکانی ئێرانیان تەواو کرد و گەمارۆیەکی توندی دەریاییان لە ناوچەکەدا سەپاندووە. واشنتۆن دەیەوێت بەم ستراتیژییە نوێیە، تاران ناچار بکات دەست لە هەڕەشەکانی بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی دەریاوانی هەڵبگرێت.
چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە هەڕەشەکردن لە پایتەختی وڵاتێک دەبێتە هۆی تێکچوونی تەواوەتی هەوڵە دیپلۆماسییەکان و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا زیاتر دەکات. تا ئێستا تاران هیچ وەڵامێکی فەرمیی بۆ ئەم هۆشدارییە نوێیەی کۆشکی سپی نەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.