بڕیارە سبەی دووشەممە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتی شاندێك و بە سەردانێکی فەرمی بەرەو واشنتۆن بەڕێ بکەوێت، ئامانجی سەرەكی لەم سەردانە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایە، لەگەڵ پێشبینی واژۆکردنی چەند ڕێککەوتننامەیەك لە کەرتی نەوت و گازدا.
ئەم سەردانە لە کاتێکدا دێت کە عێراق هەوڵ دەدات هاوسەنگیی لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هەریەکە لە ئەمریکا و ئێران بپارێزێت، هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گرژی و پەرەسەندنی سەربازیی نێوان هەردوولا.
حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەمۆ یەكشەممە لەبارەی ئەو سەردانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو کە چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی نەوت و گازدا واژۆ دەکرێن، هەروەها هێنانی چەندین کۆمپانیا ئەمریکییە پسپۆڕەکان لەخۆدەگرێت بۆ بەشداریکردن لە بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی عێراق لە نەوتدا.
عەبوودی ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکان کارکردن بۆ دۆزینەوەی دەروازەی جێگرەوەی هەناردەکردنی نەوتیش لەخۆدەگرن، بە شێوەیەک کە ڕێگری بکات لە کاریگەربوونی هەناردەی نەوتی عێراق بەهۆی هەر پشێوییەکی ئەگەری لە جموجۆڵی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە دابەزینی داهاتی نەوتی عێراق، هاوشێوەی چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنەری کەنداو، لە ئەنجامی ئەو پشێوییانە هاتووە کە ئەم ڕێڕەوە دەریاییە گرنگە لە ماوەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا بەخۆیەوە بینیویەتی.
عەبوودی جەختیشی کردەوە کە دۆسیەکانی هاوکاریی ئەمنی لەنێوان هەردوو وڵاتدا تەوەرێكی دیكەی کارنامەی سەردانەکە دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا پڕچەککردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پەرەپێدانی تواناکانیان دەگرێتەوە، بەجۆرێک کە ئامادەیییان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئەمنییەکان بەهێزتر بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.