حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە ڕێگەی پلانی ستراتیژییەوە توانیویەتی ئاستی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1.8% بۆ 12% بەرزبکاتەوە و بنەماکانی ئاسایشی خۆراک جێگیر بکات.
کابینەی نۆهەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هەوڵەکانیدا بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، تەرکێزی خستووەتە سەر کەرتی کشتوکاڵ وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئابووریی نیشتمانی. بەپێی ئامارە فەرمییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕێژەی وەبەرهێنان لەم کەرتەدا کە پێش دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە تەنها 1.8% بوو، لە ئێستادا گەیشتووەتە 12%. ئەم گەشەکردنە نیشانەی گۆڕانکاریی جەوهەرییە لە سیاسەتی ئابووریی هەرێم کە چیتر تەنها پشت بە داهاتی نەوت نابەستێت.
بونیادنانی ئاسایشی خۆراک یەکێک بووە لە ئەولەویەتە هەرە لەپێشینەکانی ئەم کابینەیە. لەم چوارچێوەیەدا، حکومەت کاریکردووە لەسەر دروستکردنی زنجیرەیەک پڕۆژەی ستراتیژی کە تەنها کورت نابنەوە لە چاندنی زەوییەکان، بەڵکو بوارەکانی پیشەسازیی کشتوکاڵی و کۆگاکردنیش دەگرێتەوە. بونیادنانی سایلۆ مۆدێرنەکان و کارگەکانی ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی، متمانەی بۆ جووتیاران گەڕاندووەتەوە و وایکردووە بەرهەمە کوردییەکان نەک تەنها لە بازاڕە ناوخۆییەکان، بەڵکو بگەنە بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداو و ئەوروپاش.
سەرکەوتنی ئەم پلانە پەیوەست بووە بە پەرەپێدانی ژێرخانی ئاوەوە. حکومەتی هەرێم لەم ماوەیەدا توانیویەتی توانای گلدانەوەی ئاو لە بەنداوەکاندا 10 هێندە زیاد بکات، ئەمەش پاڵپشتێکی بەهێز بووە بۆ ئەوەی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان لە وەرزی وشکەساڵیشدا بەردەوام بن. چاودێرانی ئابووری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم هەنگاوە کوردستان دەخاتە سەر نەخشەیەکی نوێی ئابووری و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەزاران هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان لە ناوچە جیاوازەکاندا.
حکوومەتی هەرێم تا ساڵی 2026 توانیویەتی ژێرخانێکی بەهێز بۆ کەرتی کشتوکاڵ دابین بکات کە توانای هەناردەکردنی هەبێت. بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەبانکیکردنی مامەڵە داراییەکان، ئاسانکاریی زیاتری بۆ وەبەرهێنەرانی ئەم کەرتە دروست کردووە. ئەم گەشەسەندنە لە 1.8% بۆ 12% تەنها ژمارە نییە، بەڵکو گوزارشتە لە پاراستنی قەوارەی هەرێم لە ڕێگەی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەهێزکردنی ئابووریی ناوخۆیی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.