دوای گەڕانێکی چڕ تەرمی میر کوردۆی تەمەن سێ ساڵان کە لە زێی گەورە خنکا بوو دۆزرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی تەمووز، پەیامنێری (کوردستان تیڤی) لە بەردەڕەش ڕایگەیاند: دوای 14 ڕۆژ لە گەڕان و بەدواداچوونی بەردەوامی تیمەکانی فریاگوزاری، سەرەنجام تەرمی ئەو منداڵە تەمەن 3 ساڵانەی لە سنووری قەزای بەردەڕەش کەوتبووە ناو ئاوی زێی گەورە، دۆزرایەوە.
تەرمی منداڵەکە کە ناوی (میر کوردۆ)یە، بە دووری نزیکەی 3 کیلۆمەتر لە شوێنی ڕووداوەکە و لە نزیک گوندی خارووک لە لایەن تیمەکانی ژێرئاوگەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ئاکرێ و پۆلیسی بەرگری شارستانی بەردەڕەش، بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە دۆزراوەتەوە.
لەم بارەیەوە، عەمید ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاکرێ بە (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: تەرمی منداڵەکە سەر ئاو کەوتبوو، دوای دۆزینەوەی و دەرهێنانی لە ئاوەکە، لە ڕێگەی تیمەکانی تەندروستییەوە ڕەوانەی پزیشکی دادی کراوە بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕێکارە یاسایی و پزیشکییەکان.
جێی ئاماژەیە، ئەو منداڵە تەمەن 3 ساڵە دانیشتووی پارێزگای هەولێر بووە و 14 ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشت و سەیران ڕوویان لە لێواری زێی گەورە کردبوو لە سنووری گوندی چەمە، بەڵام بەهۆی کەوتنە ناو ئاوەکەوە گیانی لەدەستدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.