ئاژانسی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند، ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە دەربارەی ئەنجامدانی هێرشێک بۆ سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمز.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کەشتییەک پێکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک دەربارەی قەبارەی زیانەکان یان سەرچاوەی ئەو تەنەی ئاراستەی کەشتییەکە کراوە، بڵاونەکراوەتەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە گەرووی هورمز وەک یەکێک لە هەستیارترین ڕێڕەوە ئاوییەکانی جیهان دادەنرێت و پێشتریش چەندینجار بووەتە مەیدانی گرژییە ئەمنییەکان. هەر جۆرە پەککەوتنێکی هاتوچۆی کەشتییەکان لەم ناوچەیەدا مەترسی بۆ سەر دابینکردنی وزەی جیهانی دروست دەکات، ئەمەش وای کردووە هێزە دەریاییەکانی سەر بە حکوومەتە جیاوازەکان چاودێرییەکی وردی ناوچەکە بکەن بۆ پاراستنی هێڵەکانی گواستنەوەی نێودەوڵەتی.
لێژنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دیاریکردنی جۆری ئەو مووشەكە یان تەنەی کە بەر کەشتییەکە کەوتووە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی سەرنشینەکانی.
بەهۆی گرنگیی ستراتیژیی ئەم گەرووە، چاودێرانی سیاسی هۆشداری دەدەن کە هەر کردەوەیەکی هاوشێوە دەکرێت ببێتە هۆی توندبوونەوەی زیاتری ململانێ ناوچەییەکان و کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕی وزە هەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.