ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیل و کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، دژایەتی خۆیان بۆ پێکهێنانی لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە ڕاگەیاند کە ئەندامەکانی لەسەر بنەمای سیاسی دیاری بکرێن.
ئەم ناڕەزایەتییە دوای ئەوە دێت کە پەرلەمانی ئیسرائیل (کێنسێت) پڕۆژەیاسای پێکهێنانی لێژنەکەی لە خوێندنەوەی یەکەمدا پەسەند کرد، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن و کەسوکاری قوربانیان داوای لێژنەیەکی سەربەخۆ و دوور لە دەستێوەردانی سیاسی دەکەن.
پڕۆژەیاساکە بە دەنگی 59 ئەندامی کێنسێت تێپەڕی، لە کاتێکدا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن دانیشتنەکەیان بایکۆت کردبوو. بەپێی یاسا پێشنیارکراوەکە، ئەندامانی لێژنەکە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەمەش پێچەوانەی ئەو نەریتەیە کە لە ئیسرائیلدا باوە، کە تێیدا دادگای باڵا دەستەیەکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە شکستە نیشتمانییە گەورەکان دیاری دەکات، وەک ئەوەی لە دوای جەنگی ساڵی 1973دا ئەنجام درا.
ئەنجوومەنی ئۆکتۆبەر کە نوێنەرایەتی خێزانی قوربانیان و بارمتەکان دەکات، ئەم هەنگاوەی بە لێدانێکی تر لە کەسوکاری کوژراوەکان وەسف کرد. گادی ئایزێنکۆت سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپا و یەکێک لە ڕکابەرە سیاسییەکانی نەتانیاهۆ، ڕایگەیاند: تەنها ئەو کەسەی لە ڕاستی دەترسێت، لێژنەیەکی سیاسی پێکدەهێنێت تاوەکو ڕاستییەکان بشارێتەوە.
هەروەها یائیر لاپیدڕێبەری ئۆپۆزیسیۆن، جەختی کردەوە کە ئەوان نابنە بەشێک لەم شانۆگەرییە بۆ داپۆشینی گەورەترین کارەساتی مێژووی وڵاتەکە.
ڕەخنەگران پێیانوایە ئەم شێوازە دەرفەت بە حکوومەتەکەی بنیامین نەتانیاهۆ دەدات کە کاریگەرییان لەسەر ناسنامەی لێکۆڵەران و دەسەڵاتەکانی لێژنەکە هەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕاپرسییەکان نیشانی دەدەن زۆرینەی ئیسرائیلییەکان لەگەڵ پێکهێنانی لێژنەیەکی سەربەخۆدان.
جێی باسە هەزاران کەس لە تەلئەڤیڤ و ناوچەکانی تری ئیسرائیل خۆپیشاندانیان ئەنجام دا بۆ یادکردنەوەی تێپەڕبوونی 1000 ڕۆژ بەسەر هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر و داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنیان کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.