Erbil 31°C چوارشەممە 08 تەمووز 22:17

شەرع ستایشی ئازایەتی ماکرۆن دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، ستایشی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسای کرد بۆ نیشاندانی ئازایەتی و بەردەوامبوونی لە کارنامەی سەردانەکەی بۆ دیمەشق، سەرەڕای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە دوو تەقینەوە بەهۆی بۆمبی چێندراوەوە لە نزیک ئەو هۆتێلە ڕوویان دا کە سەرۆکی فەڕەنسا شەوی رابردوو تێدا مابووەوە.

 شەرع لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایگەیاند: سڵاو بۆ ئازایەتیی جەنابی سەرۆک ماکرۆن دەنێرم کە دوای بیستنی هەواڵی تەقینەوەکان بڕیاری داوە سەردانەکە و تەواوکردنی بەرنامەکەی ڕانەگرێت، هاوکات جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی بەرپرسانی ئەو هێرشانە دەستیان پێ کردووە.

ئەم ڕووداوە ئەمنییە لە کاتێکدایە کە ماکرۆن لە یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆکێکی وڵاتانی ڕۆژئاوادایە بۆ سووریا لە دوای گۆڕانکارییەکانی کۆتایی ساڵی 2024 و ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد.

تەقینەوەکان وەک ئاڵنگارییەکی ئەمنی بۆ حکوومەتی نوێی شەرع دەبینرێن کە هەوڵی سەقامگیرکردنی دۆخی وڵات و ڕاکێشانی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی دەدات. سەرەڕای مەترسییەکان، سەرۆکی فەڕەنسا سوور بووە لەسەر ناردنی پەیامێکی سیاسی بۆ جیهان کە پاریس پشتگیری لە قۆناغی گواستنەوەی سووریا دەکات و دەیەوێت پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ دیمەشقدا ئاسایی بکاتەوە.

بەرپرسانی حکوومەتی سووریا جەخت دەکەنەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ناتوانن ڕێگری لە پرۆسەی بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان و سەقامگیریی وڵات بکەن. سەردانەکەی ماکرۆن کە تا کۆتایی ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت، وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی نوێی سووریادا دەبینرێت، بە تایبەت کە وا دەرکەوتووە فەڕەنسا دەیەوێت پێشەنگی وڵاتانی ئەوروپا بێت لە ناساندنی شەرعییەت بە دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق و هاوکاریکردنی لە چەسپاندنی سەروەریی یاسادا.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.