Erbil 31°C سێشەممە 07 تەمووز 14:03

حکوومەتی هەرێم و هۆڵەندا براندێکی نوێ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی بازیان ڕادەگەیەنن

Kurdistan Ahmed
100%

بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ و کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی خۆراک، وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانە و وەزارەتی کشتوکاڵی هۆڵەندا، براندێکی نوێیان بۆ بەرهەمەکانی دەشتی بازیان ڕاگەیاند. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆژەیەکی هاوبەش دێت بۆ گۆڕینی سیستەمی بازاڕکردنی سەوزەوات و دڵنیابوون لە کوالیتیی بەرهەمەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.

لە چالاکییەکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەمووزی 2026 لە سنووری بازیان بەڕێوەچوو، هەڵکەوت عەبدوڕحمان نوێنەری وەزارەتی کشتوکاڵ و ژمارەیەک لە جووتیاران و کۆمپانیاکانی ناوچەکە ئامادە بوون. لە کۆبوونەوەکەدا براندی (Bazian Fresh Valley) بە فەرمی ناسێندرا، کە ئامانج لێی پاکێجکردنی تەماتە و خەیاری ناوچەکەیە بە شێوازێکی مۆدێرن و گەیاندنیان بە بازاڕەکان، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بەفیڕۆچوونی سەوزەوات و بەرزکردنەوەی بەهای ئابووریی بەرهەمەکان.

بەشێکی گرنگی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دابینکردنی دڵنیایی بۆ هاووڵاتییان لە تەندروستیی بەرهەمەکان؛ لە میانی چالاکییەکەدا ئەنجامی تێستە تاقیگەیییەکانی ئەو بەرهەمانە بڵاوکرایەوە کە پێشتر لە وڵاتی هۆڵەندا ئەنجامدرابوون و کوالێتیی بەرهەمەکانی بازیانیان پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەم هاوکارییەی نێوان حکوومەتی هەرێم و هۆڵەندا نیشانەی بایەخدانی نێودەوڵەتییە بە ژێرخانی کشتوکاڵیی کوردستان کە دەیەوێت لە ڕێگەی مۆدێرنکردنی زنجیرەی بەهای خۆراکەوە، پاڵپشتیی جوتیارانی نیشتمانی بکات و ئاسایشی خۆراک بۆ هاووڵاتییان دابین بکات.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.