Erbil 31°C ھەینی 03 تەمووز 01:20

دۆحە میوانداریی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران دەکات

Kurdistan Ahmed
100%

شاری دۆحەی پایتەختی قەتەر میوانداریی شاندە دیپلۆماسی و تەکنیکییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام نێوەندگیرە قەتەرییەکان جەخت دەکەنەوە کە لەم قۆناغەدا هیچ دیدارێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو لایەندا ئەنجام نادرێت.

ماجد ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، کە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر، نێردراوانی ئەمریکا لە دۆحە لەگەڵ نێوەندگیرەکان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەکانی ئێران و لوبنان. هاوکات، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە شاندێکی تەکنیکی وڵاتەکەی سبەی چوارشەممە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنی قەتەری دەست پێ دەکەن، کە تەرکیزی سەرەکی لەسەر میکانیزمی ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی ئێران دەبێت.

ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەو یاداشتە دێن کە لە 17ی حوزەیرانی 2026 واژۆ کرا و تێیدا بڕیاردرا بە ڕاگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان، کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆکان لەسەر بەندەرەکانی ئێران، لەگەڵ دیاریکردنی ماوەی 60 ڕۆژ وەک تاقیکردنەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

سەرەڕای ئەم هەوڵانە، گرژییە مەیدانییەکان لە ناوچەی کەنداو جارێکی تر سەریان هەڵداوەتەوە. تاران واشنتن بە "پێشێلکردنی" بەندەکانی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکات و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی خێرا دەکات بۆ هەر هێرشێکی نوێ. گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: "هیچ هەنگاوێک بەبێ وەڵام نامێنێتەوە، و ئەگەر ئەم پێشێلکارییانە بەردەوام بن، پڕۆسەی ئاشتی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە."

تەوەرێکی تری ئاڵۆزییەکان پەیوەستە بە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز. هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە کۆتایی هەفتەدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە دوای ئەوەی چەند کەشتییەک کرانە ئامانج. ئێران و عومان داوای سەروەریی تەواو بەسەر گەرووەکەدا دەکەن و دەیانەوێت باج و سەرانە بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنن، ئەمەش لەلایەن ئەمریکاوە ڕەت دەکرێتەوە.

هاوکات، ڕێککەوتنی نێوان فەرەنسا و عومان بۆ پاککردنەوەی مینە چێنراوەکانی ناو گەرووی هورمز، کاردانەوەی توندی تارانی لێکەوتەوە. حكوومەتی ئێران هۆشداریی دایە پاریس کە "کارەکان ئاڵۆزتر نەکات" و جەختی کردەوە کە پرسی پاککردنەوەی مینەکان تەنها لە دەسەڵاتی ئێراندایە. ئەم پێشهاتانە نیشانەی ئەوەن کە هەرچەندە شاندەکان لە قەتەر کۆدەبنەوە، بەڵام جێگیرکردنی ئاگربەست لە ساڵی 2026دا هێشتا ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.