Erbil 31°C پێنجشەممە 18 حوزەیران 22:47

ئیمارات سۆشیاڵ میدیای بۆ خوار 15 ساڵ قەدەغە کرد

100%

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی ئیمارات بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار 15 ساڵ قەدەغە کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی حوزەیرانی، دەوڵەتی ئیمارات بڕیارێکی مێژوویی دەرکرد و تێیدا بەکارهێنانی سەرجەم پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵ قەدەغە کرد. بەم هەنگاوەش ئیمارات دەبێتە یەکەم دەوڵەتی عەرەبی کە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، دوای ئەوەی وڵاتانی وەک ئوسترالیا، بەریتانیا و کەنەدا هەمان هەنگاویان نابوو.

بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی ئەو وڵاتە، پێویستە لەسەر کۆمپانیا و پلاتفۆرمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چاودێری وردی بەکارهێنەران بکەن و ئەو هەژمارانەی لەلایەن منداڵانی خوار 15 ساڵەوە دروستکراون پەکبخەن، بە پێچەوانەوە پلاتفۆرمەکان ڕووبەڕووی سزای بلۆککردن دەبنەوە. حکوومەتی ئیمارات ماوەی 12 مانگ مۆڵەتی داوەتە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی کارەکانیان لەگەڵ بڕیارە نوێیەکەدا بگونجێنن.

لە بڕیارەکەدا، کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیمارات بڵاویکردووەتەوە، هاتووە: قەدەغەیە منداڵانی خوار ئەم تەمەنە هەژماری کەسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروست بکەن یان بەکاریبهێنن. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە منداڵان بۆیان نییە بەشداری لە هیچ چالاکییەکی وەک بڵاوکردنەوە، کۆمێنت نووسین، یان چوونە ناو گرووپ و کەناڵە گشتییەکاندا بکەن.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئوسترالیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا یەکەم وڵات بوو بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بۆ منداڵانی خوار 16 ساڵ قەدەغە کرد، دواتریش بەریتانیا لەم هەفتەیەدا بڕیارێکی هاوشێوەی دەرکرد.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دەستەی ڕێکخستنی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیمارات دەسەڵاتی تەواوی هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر سەرپێچیکاران، کە بریتین لە ئاگادارکردنەوە، بلۆککردنی بەشێکی یان تەواوەتی پلاتفۆرمەکە، لەگەڵ سەپاندنی سزای دارایی و کارگێڕی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.