ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، لە نامەیەکی کراوەدا کە ئاڕاستەی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕوسیای کردووە، داوای کۆبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕووی لێ دەکات، هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ ڕاگەیاندنی "ئاگربەستێکی گشتگیر" نیشان دەدات.
زێلێنسکی لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "ئۆکراینا پێشنیاز دەکات ئەم شەڕە لەرێگەی دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوانمان کۆتایی پێ بهێنرێت"، جەختیشی کردەوە کە کیێڤ ئامادەیە لە تەواوی ماوەی دانوستانەکاندا پابەندی ئاگربەستێکی هەمەلایەنە بێت.
هەروەها سەرۆکی ئۆکراینا وەک هەنگاوێکی دەستپێشخەری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، پێشنیازی ئاڵوگۆڕکردنی سەرجەم دیلەکانی هەردوولای کردووە.
لە بەرامبەردا، کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئۆکراینا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بێت سەردانی مۆسکۆ بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتین، بەڵام دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملن ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا پوتین ناوەڕۆکی نامەکەی زێلێنسکی نەبینیوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.