وەک ناڕەزایەتییەک دژی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە وڵاتی لوبنان، ئێران بڕیاری دا دانوستانەكان و گۆڕینەوەی نامەكان لەگەڵ ئەمریکا ڕابگرێت.
ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: بەهۆی ئەوەی لوبنان بەشێک بووە لە مەرجەکانی دانوستاندن و ئاگربەست، لەگەڵ بەردەوامی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن ئیسرائیلەوە، تیمی دانوستانکاری ئێران بڕیاری دا گفتوگۆ و دانوستان و گۆڕینەوەی نامەکان لە ڕێگەی وڵاتانی نێوەندگیرەوە لەگەڵ شاندی ئەمریكا ڕابگرێت.
شاندی دانوستانکاری ئێران هەروەها جەختی لەسەر پێویستی ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە هەردوو بەرەی غەززە و لوبنان و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە ناوچە "داگیرکراوەکان"ی لوبنان کردووەتەوە.
دووپاتیشیان كردۆتەوە کە لە ئەمڕۆوە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێك ئەنجام نادەن تا داواکارییەکانی ئێران و وڵاتانی دیكەی بەرەكانی شەڕ جێبەجێ نەکرێن.
شاندی دانوستانکاری ئێران جەختیشی كردۆتەوە ئەگەر داواكارییەكان جێبەجێ نەكرێن، ئەوا گەرووی هورمز و گەرووی بابولمەندەب بەتەواوەتی دادەخەن و هەروەها بەرەكانی جەنگ دووبارە چالاك دەكەنەوە بە ئامانجی سزادانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەكەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.