مەسعوود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئامانجی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشکردنە سەر ئێران ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران بوو.
بەپێی بەیاننامەیەکی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران، مەسعوود پزیشکیان ئەمڕۆ یەكشەممە لەمیانی کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕایگەیاندووە: هیچ ویژدانێکی زیندوو ناتوانێت کارە تاوانکاری و دەستدرێژیی ئەمریکا و ئیسرائیل قبووڵ بکات.
ئاماژەی بەوەش کردووە: دوژمنان هەموو هەوڵێكیان دا لە رێگەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاووڵاتییانی ئێران پشێوی بگوازنەوە بۆ ناوخۆی وڵات، بەڵام لەم هەوڵەیاندا شكستیان خوارد.
لەهەمانكاتدا سەرۆک کۆماری ئێران ستایشی هاوکاریی وڵاتانی دراوسێی کرد لە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکەکەیان لە دژی ئێراندا.
پزیشکیان لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵ دەدات پەوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو پەرە پێ بدات، بەهەمانشێوە سوپاسی ڕۆڵی پاکستانی کرد لە جێگیرکردنی ئاگربەست و چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.