وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری داخستنی هەموو ئەو کۆمپانیانەی دەرکرد کە لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان و فۆڕێکس کار دەکەن، وەزارەتەکە دەڵێت، هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ پاراستنی مافی هاووڵاتییان لەم جۆرە مامەڵانەدا نییە.
ڕۆژی 3ـی ئایار، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی کە ماف و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان بپارێزێت؛ لەبەرئەوەی هیچ کۆمپانیایەک لە بواری دراوە ئەلیکترۆنییەکان وەک (USDT) و بازرگانیی فۆڕێکس لە هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدڕاڵ مۆڵەتی فەرمیی نییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان، هەموو جۆرە مامەڵەیەک لەم بوارانەدا قەدەغەیە، بۆیە هەر کەس و گروپێک لەژێر ناوی کۆمپانیادا لەم بوارەدا کار بکات، شوێنەکەی دادەخرێت و ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتییان دەکات بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لەم جۆرە مامەڵانە دوور بکەونەوە و هەر کەسێک مافێکی لای ئەو لایەنانە هەیە کە پێشتر ئەم کارانەیان کردووە، با هەوڵی وەرگرتنەوەی بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.