ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی ڕووسیا ئەمڕۆ دووشەممە لە شاری سانت پترسبۆرگ لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە، لە كۆبوونەوەكەدا پووتین جەختی لەوە کردەوە کە مۆسکۆ هەموو توانایەکی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ هاوکاری لە هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
گرنگترین خاڵەکانی کۆبوونەوەکە:
هەوڵە دیپلۆماسییەکان: ئاژانسە هەواڵییە فەرمییەکانی ڕووسیا لە زاری پووتینەوە بڵاویان کردەوە کە بە عەباس عێراقچی ڕاگەیاندووە: ئێمە لای خۆمانەوە هەرچییەک لە بەرژەوەندی ئێوە و گەلانی ناوچەکەدا بێت ئەنجامی دەدەین، بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ئاشتی بەدی بێت.
تۆمەتبارکردنی ئەمریکا: وەزیری دەرەوی ئێران دەستبەجێ دوای گەیشتنی بۆ ڕووسیا، ئەمریکای بە بەرپرسیار دانا لە شکستهێنانی ئەو دانوستانانەی بڕیار بوو لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، لە کاتێکدا هێشتا ئاگربەستی نێوان تاران و واشنتۆن بەردەوامە.
پەیوەندیی ستراتیژی: پووتین هەروەها ستایشی "ئازایەتی و قارەمانێتی گەلی ئێران"ی کرد لەپێناو سەروەریی وڵاتەکەیاندا، دووپاتیشی کردەوە کە ڕووسیا وەک ئێران، بەنیازی بەردەوامبوونە لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوانیان.
ئەم کۆبوونەوەیەی نێوان ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە تا ئێستا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن، بەڵام دەرئەنجامێكی ئەوتۆی لێ نەكەوتۆتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.