عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکی فەرمیدا پەیوەندییەکانی تاران و ڕیاز بە "برایانە" وەسف دەکات و داوا لە سعوودیە دەکات هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خاکەکەی دەربکات، هاوکات وێنەی فڕۆکەیەکی تێکشکاوی ئەمریکیشی وەک نیشانەی هێزی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، ئێران ڕێز لە شانشینی سعوودیە دەگرێت و وەک وڵاتێکی "برا" تەماشای دەکات. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران تەنیا دژی "دوژمنی دەستدرێژکارە" کە بە گوتەی ئەو، هیچ ڕێزێک بۆ عەرەب و ئێرانییەکان دانانێت. عێراقچی وێنەی فڕۆکەیەکی تێکشکاوی بڵاوکردووەتەوە کە نیشانەی هێزی ئاسمانی ئەمریکای لەسەرە و نووسیویەتی: "تەماشا بکەن چیما بەسەر فەرماندەیی ئاسمانیی ئەواندا هێنا."
تا ئێستا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هیچ کاردانەوەیەکی فەرمی بەرامبەر ئەم ئیدیعایەی وەزیری دەرەوەی ئێران نیشان نەداوە.
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی ئەمنیی زۆر هەستیاردا تێپەڕ دەبێت و ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسی و گوشاری سەربازییەوە، وڵاتانی عەرەبی لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکانی ئەمریکا دووربخاتەوە.
پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودییە کە لە ساڵی 2023 بە نێوەندگیری چین ئاسایی بوونەوە، ئێستا لە تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، چونکە تاران بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو بە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەزانێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.