ئێوارهی ئهمرۆ شهممه، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان له بهیاننامهیهكدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو "پەلامارە ترسنۆکانەیە" كرد کە کرایە سەر شوێنی حەوانەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک و داوای وەڵامێکی کرداری لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات.
لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، فراکسیۆنی پارتی ڕایگەیاند کە ئەم جۆرە پەلامارانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارن و تەنیا بەئامانجگرتنی کەسایەتی سەرۆکی هەرێم نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەوڵێکی "نەزۆکە" بۆ تێکدانی ئارامی و ئاشتەوایی لە سەرجەم عێراقدا.
فراکسیۆنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەرێمی کوردستان بەردەوام خۆی لە ململانێ و شەڕە ناوچەییەکان بەدوور گرتووە و بێلایەن بووە، بۆیە پێویستە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و کرداریی بەرامبەر بەو گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووانە هەبێت کە بێپاساو هێرش دەکەنە سەر هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی هەرێم.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارەی سەر شاری دهۆک لە کاتێکدایە، کە زنجیرەیەک هێرشی هاوشێوە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، فراکسیۆنی پارتیش جەخت دەکاتەوە کە پێویستە چیتر ئاسایشی هەرێم و عێراق نەخرێتە بەردەم هەڕەشە و ناسەقامگیری و لایەنە ئەمنییەکان کۆتایی بەو پێشێلکارییانە بهێنن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.