Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 22:42

هاوپەیمانیی مەسیحی هێرشەكانی سەر هێزەکانی پێشمەرگە شەرمەزار دەکات

کوردستان TV
100%

هاوپەیمانی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان و عێراق هێرشەكانی شەوی رابردووی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان شەرمەزار كرد كە بەهۆیەوە 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30ی دیكەش بریندار بوون.

لە راگەیەنراوەكەی هاوپەیمانی مەسیحی هاتووە "ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە كراوەتە سەر هێزێکی نیشتیمانی و دەستووری کە هەمیشە قەڵغانێکی پارێزەر بوون بۆ گەلی کوردستان و عێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە".

دەقی بەیاننامەكەی هاوپەیمانی مەسیحی لە هەرێمی كوردستان و عێراق:-

(خۆزگە دەخوازرێ بە ئاشتیخوازان، چونکە بە کوڕی خودا ناودەبرێن...) (مەتتا ٥: ٩)

بە خەم و پەژارەیەکی قووڵ و بە هەستێکی تێکەڵ لە ئازار و تووڕەیی، هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چاودێری ئەو هێرشە غەدرانە دەکات کە کرایە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ناوچەی سۆران، کە بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە پاڵەوانان و برینداربوونی چەندانی دیکە.

ئێمە بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە دەکەین کە هێزێکی نیشتیمانی و دەستووری کردۆتە ئامانج کە هەمیشە قەڵغانێکی پارێزەر بوون بۆ گەلی کوردستان وعێراق بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە.

هەروەها بە توندی بە ئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، کە ڕێبازی بێلایەنیی گرتۆتەبەر و نەیویستووە تێوەگلانی ململانێکانی ناوچەکە بێت، و هەمیشە هەوڵی داوە پردێک بێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری، نەک گۆڕەپانێک بۆ جەنگەکان.

ئەم هێرشە، کە سەرەڕای ڕوونیی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە بەشدارینەکردن لە هیچ ململانێیەکی هەرێمی ئەنجامدراوە، پێشێلکارییەکی مەترسیداری سەرجەم بەها مرۆییەکان و بنەماکانی دراوسێیەتییە، و ئەوە دەسەلمێنێت کە هێزەکانی توندوتیژی جیاوازی ناکەن لە نێوان ئەوانەی بەدوای شەڕدا دەگەڕێن و ئەوانەی بۆ ئاشتی کار دەکەن.

لەم چوارچێوەیەدا، شانازیی گەورەی خۆمان بە ڕۆڵی مێژوویی و پاڵەوانانەی هێزەکانی پێشمەرگە دووپات دەکەینەوە، کە نەک هەر بەرگرییان لە خاکی کوردستان کردووە، بەڵکو لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکردن لە کریستیانەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی عێراق بوون، و قوربانی گەورەیان داوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، و بەشدارێکی یەکلاکەرەوە بوون لە کۆتاییهێنان بە ئەفسانەی ئەو ڕێکخراوە و پاراستنی بوونی مێژوویی گەلانی ئەم خاکە وپاراستنی ئاسایش وئاشتی لە جیهان.

بە ڕۆحێکی ئیمانیی مەسیحیەوە، نزا و پاڕانەوەکانمان بۆ یەسوعی مەسیحی (شکۆداری بۆ بێت) بەرز دەکەینەوە، کە شەهیدانی بە ئەمەک و پاکی پێشمەرگە لە مەلەکوتی ئاسمانیی خۆیدا بگرێتە خۆ و ئارامی و دڵنەوایی بە بنەماڵەکانیان ببەخشێت، و ڕەحمەتی خۆی بەسەر بریندارەکاندا ببارێنێت و شیفای خێرا و تەواویان بە نەسیب بکات.

هەروەها بانگەوازی دڵسۆزانەی خۆمان نوێ دەکەینەوە بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە ئاگری جەنگ و ململانێکان، و جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکەی وەک ناوچەیەکی سەقامگیر و پەناگەیەکی ئارام بۆ ملیۆنان هاووڵاتی دەکەینەوە. داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکەین ئەرکی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات لە ڕاگرتنی هێرشی میلیشیا و گروپە چەکدارەکان کە ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر هەرێم و هاووڵاتیانی سڤیل دەترسێنن وهەروەها داوا لە حکومەتی فیدرال دەکەین بە ڕۆڵی هەستیتن لە وەستاندنی هێرشەکانی ئێران کە خەڵکی مەدەنی بێتاوان و هێزی پێشمەرگە دەکەنە ئامانج. لەم روانگەوەیە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم دۆستانی کوردستان و عێراق دەکەین، هەڵوێستی ڕوون و بەرپرسیارانە بنوێنن بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشە دووبارەبووانەی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق کە گەلی ئاشتیخوازی کوردستان دەکاتە ئامانج، و گەرەنتی پاراستنی مەدەنییەکان و هێزە ئەمنییەکان و پاراستنی سەروەری و سەقامگیری وڵات بکەن.

(خراپە بە خراپە وەڵام مەدەنەوە...) (ڕۆما ١٢: ١٧)

لەم ڕوانگەیەوە، ستایشی هەڵوێستی قەداسەتی پاپا لیۆنی چواردەهەم، پاپای ڤاتیکان دەکەین، کە جەنگی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەرمەزار کرد و بە "شەرمەزاری بۆ هەموو مرۆڤایەتی و هاوارێک بەرەو خودا" وەسفی کرد، و داوای نزا و پارانەوەی کرد بۆ ڕاگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکان و کردنەوەی ڕێگاکانی ئاشتی لەسەر بنەمای گفتوگۆی ڕاستگۆیانە و ڕێزگرتن لە کەرامەتی هەر مرۆڤێک.

ئێمە، لەکاتێکدا پشتیوانی ئەم بانگەوازە مرۆییە پیرۆزە دەکەین، جەخت دەکەینەوە کە ئاشتی تەنها بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و پەیامێکی خوداییە، و پێویستە کوردستان کە هەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر، وەک منارەیەک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لە ناوچەیەکدا کە جەنگەکان ماندوویان کردووە، بمێنێتەوە.

(هەمیشە هەوڵی چاکە بدەن بۆ یەکدی و بۆ هەموو خەڵک...) (١ تەسەلۆنیکی ٥: ١٥)

هاوپەیمانیی مەسیحی

24ی ئازاری 2026

هه‌واڵ و چالاكییه‌كانی پ.د.ك

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.