باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هۆشدارییەکی ئەمنیی توندی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد لە عێراق و داوای لێکردن بەهۆی هێرشی بەرفراوانی میلیشیاکانەوە بە زووترین کات خاکی عێراق جێبهێڵن.
ئەمڕۆ شەممە، 21ـی ئادار باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ڕایگەیاند: گرووپە لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە ئێران هێرشی بەرفراوانیان کردووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەمریکی و ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە واشنتنەوە هەیە لە سەرانسەری عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. باڵیۆزخانە جەختی کردووەتەوە کە ئاستی مەترسییەکان گەیشتووەتە ئاستی 4 کە بەرزترین ئاستی هۆشدارییە و بە واتای (گەشت مەکەن) دێت.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە لە ئێستادا ئاسمانی عێراق داخراوە و گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان ڕاگیراون، بۆیە داوا لە هاووڵاتیانیان دەکات لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکانی وڵاتانی (ئوردن، کوێت، عەرەبستانی سعوودی و تورکیا) عێراق جێبهێڵن. هەروەها هۆشداری دراوە کە بەهۆی مەترسیی بەردەوامی مووشەک و درۆن، کەس هەوڵی نزیکبوونەوە لە باڵیۆزخانە لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی لە هەولێر نەدات.
لە بەشێکی تری هۆشدارییەکەدا هاتووە، کە میلیشیاکان مەترسییەکی جددین بۆ سەر سەلامەتی گشتی و ئەگەری هەیە هێرش بکەنە سەر ناوەندە دیپلۆماسییەکان، کۆمپانیاکان، ژێرخانی وزە، فڕۆکەخانە مەدەنییەکان و ئەو ئوتێلانەی بیانییەکانیان لێیە، هاوکات هۆشداری لە ئەگەری هەوڵی ڕفاندنی ئەمریکییەکان دراوە.
باڵیۆزخانە ڕایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن و پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی ئەمریکی لە سەرووی هەموو کارەکانیانە. جەختیش کراوەتەوە کە هەر هاووڵاتییەک بڕیاری مانەوە بدات، بەرپرسیارێتی مەترسییە گەورەکان لە ئەستۆی خۆیەتی.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.