Erbil 31°C دووشەممە 03 ئاب 19:52

پاتریارک لویس ساکۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕاگەیاند

کوردستان TV
100%

لویس ڕوفائیلی ساکۆ، پاتریارکی کلدانییە کاسۆلیکەکان لە عێراق و جیهان، لە ماڵپەڕی فەرمیی پاتریارکی کلدانی ڕایگەیاند کە بەیانی دوێنێ 9ـی ئاداری 2026، بەوپەڕی ئازادیی خۆی و بێ ئەوەی کەس لێی داوا بکات، بڕیاری داوە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە لیۆنی چواردەهەم، پاپای ڤاتیکان بکات و قبووڵیش کراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە لەمەودوا کاتی خۆی بۆ نوێژ و نزا، نووسین و خزمەتێکی سادە تەرخان دەکات.

دەقی دەستلەکارکێشانەوەی لویس ساکۆ لە ماڵپەڕی فەرمیی پاتریارکی کلدانی:

پاتریارک لویس ڕوفائیل ساکۆ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش دەکات

ڕاگەیاندنی پاتریارکایەتی

لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە، کاتێک گەیشتمە تەمەنی 75 ساڵی، بیرم لە پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەم دەکردەوە و لەگەڵ پاپای کۆچکردوو فڕانسیس باسی ئەوەم کردبوو، بەڵام ئەو هانی دام کە بمێنمەوە. بەیانی دوێنێ 9ـی ئاداری 2026، بەوپەڕی ئازادیی خۆمەوە بڕیارم دا پێشکەشی قەداسەتی پاپا لیۆنی چواردەهەمی بکەم، بۆ ئەوەی بە ئارامی کاتی خۆم بۆ نزا، نووسین و خزمەتێکی سادە تەرخان بکەم، ئەویش قبووڵی کرد، و داوام کرد ئەمڕۆ نیوەڕۆ، 10ـی ئادار بە فەرمی بڵاو بکرێتەوە. بۆ بنبڕکردنی هەموو جۆرە لێکدانەوەیەک، جەخت دەکەمەوە کە هیچ کەسێک ئەوەی لێ داوا نەکردووم، بەڵکوو من بە ویستی خۆم داوای دەستلەکارکێشانەوەم کردووە.

کەنیسەی کلدانیم لە بارودۆخێکی زۆر سەخت و لە نێوان ئاڵنگارییەکی گەورەدا بەڕێوەبرد. پارێزگاریم لە یەکڕیزیی دامەزراوەکانی کرد، و هیچ هەوڵێکم درێغی نەکرد لە بەرگریکردن لێی و لە مافەکانی عێراقییەکان و مەسیحییەکان، بۆیە لە ناوخۆ و دەرەوە ئامادەیی و هەڵوێستم هەبوو. 13 ساڵ وەک پاتریارک، چاودێرییەکی پڕ لە خۆشەویستی و بەدواداچوون و گەشەسەندن بوو.

سوپاس بۆ خودا بۆ ئەو نیعمەتی خۆشەویستییەی پێی بەخشیم، و وای کرد لە چاوی زۆرێکەوە خۆشەویست بم، و ساتەوەختی نایابی پێ بەخشیم.

هەروەها بە تایبەتی سوپاسی خێزانەکەم و ئەوانە دەکەم کە لەگەڵیان ژیاوم وەک قەشەیەک لە مووسڵ و مەترانێک لە کەرکووک و پاتریارکێک لە بەغدا. ئەوان بەڕاستی خێزانی ڕاستەقینەی من بوون، و من سوپاسگوزاریانم.

بە تایبەتی سوپاسی یاریدەدەرەکەم جەنابی مەتران باسیلیۆس یەڵدۆ، سکرتێر ئیخلاس مەقدەسی، قەشەکانی بەغدا و کارمەندانی پاتریارکایەتی دەکەم، لە نزا و نوێژەکانمدا لە یادیان ناکەم. هەروەها لە ناخی دڵمەوە داوای لێبوردن لە هەر کەسێک دەکەم کە لەوانەیە دڵیم ڕەنجاندبێت.

هیوادارم بۆ سەرکردایەتیکردنی کەنیسەی کلدانیی کاسۆلیک لەم کاتە سەختانەدا پاتریارکێک بێت کە: خاوەنی بیرکردنەوە، ڕۆشنبیرییەکی لاهووتیی تۆکمە، بوێری و دانایی بێت، باوەڕی بە نوێبوونەوە و کرانەوە و گفتوگۆ هەبێتو خاوەنی گیانێکی ڕووخۆش بێت.

من ڕێزی لێ دەگرم و هەرگیز دەستوەردان لە کارەکانیدا ناکەم. دڵنیام لەوەی خودا چاودێریی کەنیسەکەی خۆی دەکات.

وەسیەتنامەکەم لەو کاتەوەی کە قەشە بووم نووسیوە و چەندین جاریش نوێم کردووەتەوە. خاوەنی نزیکەی چل ملیۆن دیناری عێراقی و پێنج هەزار دۆلار و پێنج هەزار یۆرۆم، کە لە مووچەکانم پاشەکەوتم کردوون لە ماوەی ٥٢ ساڵ خزمەتی قەشایەتیدا، سەرباری بڕە پارەیەکی دیکە کە پشکی خۆمە لە فرۆشتنی ماڵی باوکم لە مووسڵ. نە خانوو و نە ئۆتۆمبێلم هەیە، بەڵکوو سەرمایەی ڕاستەقینەی من خزمەتکردنە دڵسۆزانەکەمە لەگەڵ ئەو ٤٥ پەرتووکەی کە بڵاوم کردوونەتەوە.

لە نزا و نوێژەکانتاندا لە یادم بکەن.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.